لە حەوت پارێزگای باکووری کوردستان بەفر دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەی 10 رۆژ بارانبارین لە سەرتاسەری تورکیا بەردەوام بێت و لە حەوت پارێزگای باکووری کوردستانیش بەفر ببارێت.
بەگوێرەی کەشناسیی تورکیا، لە ئەمڕۆ هەینی 15ـی تشرینی دووەمی 2024، پلەکانی گەرما بۆ ماوەی 10 رۆژ دادەبەزن و لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان باران دەبارێت.
لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، قەرس، ئەردەخان، وان، ئەرزینگان، دێرسیم و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان ئەگەری بەفربارین هەیە و داوای کردووە رێکاری پێویست بگیرێتەبەر.
کەشناسیی تورکیا هەروەها هۆشداری بۆ ناوچەکانی ئیجە و دەریای نێوەڕاستی تورکیا داوە، کە لە رۆژانی شەممە و یەکشەممە بارانێکی بەخوڕ دەبارێت و مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە.
داوای لە خەڵک کردووە ئاگاداری خۆیان بن بۆ ئەوەی لە کاتی دروستبوونی لافاو و هەورەبرووسکە زیانیان بەرنەکەوێت.