رەوتی هەڵوێست: بارگرانیی سەر کاسبکاران ناهێڵین
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن و لەنێو شاری هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و باسی لە باج و رسومات کرد لەسەر کاسبکاران و گوتی، ئەو داهاتە بۆ مووچەی فەرمانبەران و پڕۆژەی خزمەتگوزاری نییە.
رۆژی 15ی ئۆکتۆبەری 2024، عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە شاری هەولێر رایگەیاند: ''بەهۆی کرێی تابلۆ، باج، بەشی زۆری ئەو داهاتەی خەڵکی کاسبکار پەیدای دەکەن لێیان وەردەگیرێت، لەکاتێکدا نە بۆ داهاتی ناوخۆیە نە بۆ مووچەی فەرمانبەرانە و نە بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزارییە و نازاندرێت چی لێدەکرێت''.
هەر لەسەر کاسبکاران و بابەتی باج عەلی حەمە ساڵح گوتی: ''لەلایەکی دیکەوە فیتەر و ئەو کەسانەی لەناوچەی پیشەسازی کار دەکەن نیوەی داهاتەکەیان دەچێتەوە بۆ حکومەت، چونکە جۆرەها باجیان لێ وەردەگیرێت''.
لە دوا پەیامەکەیدا بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست گوتی، ''یەکێک لە ئەجێندا و کارەکانی ئێمە ئەوەیە ئەو باج و رسوماتانە بەتایبەتی کرێی تابلۆ کە دەبێت هەر لاببرێت، چونکە نایاساییە و یەکێک لە کارەکانمان لە داهاتوودا ئەو بارگرانییەی لەسەر کاسبکارانە رۆڵمان دەبێت لە کەمکردنەوەی''.