کۆریای باکوور رێگەکانی لەگەڵ کۆریای باشوور دەتەقێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆریای باکوور ژمارەیەک رێگەی نێوان خۆی و کۆریای باشووری تەقاندنەوە. وێڕای ئەوەی ئەو رێگەیانە هاتووچۆیان پێدا نەدەکرا، بە سیمبولێک بۆ هیوای یەکگرتنەوەی هەردوو کۆریاکە دادەنران.
سوپای کۆریای باشوور رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، باکوورییەکان ئەو رێگانەیان تەقاندووەتەوە.
پیۆنگیانگ هەفتەی رابردوو رایگەیاند، سنووری باشووری وڵاتەکەی بە تەواوی دادەخات، ئەوەش دوای چەندین مانگ لە چاندنی مین و دروستکردنی بەربەستی دژە تانک.
هەموو ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە هاتن کە کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور، کۆریای باشووری بە "دوژمنی سەرەکی" وڵاتەکەی پۆڵێنکرد.
هەفتەی رابردوو، کۆریای باکوور سیئۆلی تۆمەتبارکرد بەوەی لە رێگەی درۆنەوە نامیلکەی پروپاگەندەی بەسەر ئاسمانی پیۆنگیانگدا باراندووە.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئوون سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی کردووە و تێیدا داوای کردووە "دەسبەجێ هەنگاوی سەربازی" بنرێت بۆ ئەوەی وەڵامی بڵاوکردنەوەی ئەو نامیلکانە بدنەوە.
سوپای کۆریای باشوور رایگەیاند: "کۆریای باکوور چەند بەشێکی رێگەکانی جیۆنگو و دۆنگای لە باکووری هێڵی سنووری سەربازی تەقاندوونەتەوە" کە ئەو رێگەیانە باکوور و باشووری نیمچە دوورگەی کۆریایان پێکەوە دەبەستەوە.
سوپای کۆریای باشوور دەشڵێت: "هیچ زیانێک بەر سوپای ئێمە نەکەوتووە و هێزەکانمان بە تەقەکردن لە چەند ناوچەیەکی باشووری هێڵی سنووری سەربازی وەڵامیان دایەوە".
رێگەکان لە زووەوە خراپ ببوون، بەڵام لەنێوبردنی تەواوەتییان پەیامێکی روونە بەوەی کیم ئامادە نییە دانوستاندن لەگەڵ باشوور بکات.
یانگ موو جین، سەرۆکی زانکۆی (لێکۆڵینەوەکانی کۆریای باکوور) لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور، دەڵێت: "ئەمە رێکارێکی سەربازیی کردارەکییە کە پەیوەندی بەو سیستمە دوو دەوڵەتییە دوژمنکارەیە کە کۆریای باکوور زوو زوو باسی دەکات".
یانگ پێیوایە، رەنگە باکوورییەکان بەربەستی کۆنکرێتی زیاتری لەسەر سنوور دابنێن و تەقاندنەوەی رێگەکانیش "ئامادەکارییە بۆ دروستکردنی ئەو دیوارانە".
سوپای کۆریای باشوور ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە پێشانیدەدات سەربازانی کۆریای باکوور ژمارەیەک کامێرا لەسەر سێکووچکە دادەنێن بۆ ئەوەی وێنەی تەقینەوەکە تۆماربکەن و دواتر تەقینەوەیەکی گەورە روودەدات و چەند بەشێکی رێگەی جیۆنگوی وێراندەکات.
لە ئەنجامی تەقینەوەکە دووکەڵێکی چڕ لە شوێنەکە بەرزبووەوە. ڤیدیۆکانی دیکە پێشانیدەدەن، لە دوای تەقینەوەکە، سەربازانی باکوور بە هەڵکنەر (حەفارە) لەسەر شوێنەکە کاردەکەن.