کەشناسی: خۆڵبارین دەستپێدەکات و تاوەکو سبەی بەردەوام دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمشەو خۆڵبارین دەستپێدەکات و تاوەکو سبەی دووشەممە بەردەوام دەبێت و مەودای بینین کەم دەبێتەوە. شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت، "ئەو خۆڵبارینە زیاتر لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک کاریگەریی دەبێت."
 
رۆژی یەکشەممە 15-10-2023 بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت و لە کاتەکانى شەودا خۆڵبارین دەستپێدەکات، بەتایبەت لە باشوور و نێوەڕاستى هەرێمی کوردستان و تاوەکو سبەى بەیانى بەردەوام دەبێت، مەودای بینینیش کەم دەبێتەوە.
 
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ یەکشەممە پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆماری دوێنێ شەممە؛ لەبارەی کەشوهەوای سبەی دووشەممەیشەوە دەڵێت، "ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بارینی پرووشەباران لە ناوچە شاخاوییەکانى باکوورى هەرێمی کوردستان."
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە درەنگانی ئەمشەوەوە خۆڵبارین دەستپێدەکات کە زیاتر ناوچەکانی باشوور دەگرێتەوە و تاوەکو سبەی ئێوارە بەردەوام دەبێت. لە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک، سلێمانی و ئیدارەی راپەڕینیش کاریگەریی خۆڵبارین زۆر دەبێت؛ کاریگەریی لەسەر سەنتەری پارێزگای هەولێریش دەبێت، بەڵام لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک کاریگەرییەکەی کەمتر دەبێت."
 
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
 
هەولێر: 27 
سلێمانی: 25
دهۆک: 25
کەرکووک: 29
هەڵەبجە: 28
زاخۆ: 28
سۆران: 26
حاجی ئۆمەران: 16
گەرمیان: 30