لە باکووری کوردستان کەمپینێک بۆ دامەزراندنی مامۆستای زمانی کوردی راگەیێندرا
رووداو دیجیتاڵ
حەرەکەتی زمانی کوردی، ناسراو بە حەزکورد، کەمپەینێکی بۆ دامەزراندنی مامۆستای کوردی لە باکووری کوردستان لەڕێگەی سۆشیاڵمیدیاوە راگەیاند.
کەمپینەکەی حەزکورد کاژێر 18:00ی ئێوارەی رۆژی شەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2023 لەڕێگەی تاگکردنەوە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵمیدیا دەستیپێکردووە.
فەوزی بوڵگان، رێکخەری گشتیی حەزکورد لە راگەیێندراوێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵمیدیا بڵاویکردەوە رایگەیاند، ژمارەی ئەو قوتابییانەی لە قۆناخی ناوەندیدا وانەی کوردی هەڵدەبژێرن کەمە، چونکە مامۆستای کوردی دانەمەزراون.
رێکخەری گشتیی حەزکورد دەڵێت، "منداڵان ناتوانن زمانی کوردی هەڵبژێرن، چونکە بۆ قۆناخی ناوەندیی خوێندن ژمارەی پێویست لە مامۆستای کوردی دانەنراون، بەو هۆیەوە کاژێر 18:00 کەمپینی تاگمان دەبێت، لەو شوێنانەی کورد چڕ بووەتەوە، پێویستە بۆ هەر قوتابخانەیەک مامۆستایەکی کوردی دابمەزرێندرێت."
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە. هەرچەندە لە ساڵی 2012وە زمانی کوردی وەکو وانەی بژارە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت، بەڵام بە هۆکاری جیاواز پرۆسەکە بە فەرمیش نەبێت، بە کردەیی راگیراوە.
هەر قوتابییەک مافی هەیە تەنیا یەک وانەی بژارە هەڵبژێرێت. بۆ نموونە، ئەگەر قوتابییەک وانەی ئایینی هەڵبژارد، ناتوانێت وانەی زمانی کوردی بخوێنێت. بەگوێرەی سیستمی خوێندن لە وانەی بژارە، ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژارە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە.
لە باکووری کوردستان لە ساڵی 2011 دا بەشی خوێندنی زمان و کولتووری کوردی لە زانکۆی ئارتوکڵوی مێردین کرایەوە، دواتر هەمان بەش لە زانکۆکانی ئامەد، چەولیگ، مووش و وان کرانەوە.
دانەمەزراندنی دەرچووانی ئەو بەشانە یەکێکە لە کۆسپەکانی بەردەم هەڵبژاردنی زمانی کوردی. بەهۆی نەبوونی مامۆستا زۆرجار قوتابیان ناچار لە جیاتی زمانی کوردی، وانەیەکی دیکە هەڵبژێرن.