مینی پاسێكی کۆچبەران لە وانی باکووری کوردستان وەرگەڕا و 20 کۆچبەر بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، مینی پاسێک وەرگەڕا کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی دەگواستەوە. لە رووداوەکەدا 20 کۆچبەر بریندار بوون و شۆفێری مینی پاسەکە و چوار کۆچبەریش هەڵاتن.
 
مینی پاسەکە ژمارەیەک کۆچبەری ئەفغانستانیی دەگواستەوە و بە هۆکارێكی نادیار لە نزیک گوندی خانجۆلیس سەر بە شارۆچکەی ئەلباک وەرگەڕا.
 
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیمەکانی تەندروستی و جەندرمە چوونە شوێنی رووداوەکە و ئەو 20 کۆچبەرەی بریندار ببوون بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە.
 
هێزە ئەمنییەکانی وان بۆ دەستگیرکردنی شۆفێری مینی پاسەکە و ئەو چوار کۆچبەرەی لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتوون هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە.
 
بەگوێرەی داتاکانی سه‌رۆكایه‌تیى فه‌رمانگه‌ى كۆچ کە سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى توركیایە، لە 5ی کانوونی دووەمی 2023وە لە ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان هەزار و 983 کۆچبەر دەستبەسەر کراون.
 
کۆچبەرە دەستبەسەرکراوەکان 578 یان هاووڵاتیی ئەفغانستان، 342یان هاووڵاتی سووریا و 114یان هاووڵاتی تورکمەنیستانی بوون.