لە عەفرین حەوت کەس بە تەقەی گرووپێکی چەکدار بریندار کران

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی تەقەی چەکدارانی گرووپی چەکداریی سوڵتان سلێمان شا، ناسراو بە عەمشات لە گوندی کاخرێی سەر بە ناحیەی ماباتای عەفرین، حەوت کەس بریندار کران، کە شەشیان ژن و یەکێکیان پیاوە.
 
بە پێی زانیارییەکانی رووداو، لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، چەکدارانی گرووپی چەکداریی سوڵتان سلێمان شا باجی زۆرەملێیان بەسەر خەڵکی گوندەکەدا سەپاندووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ی ئەیلوولی 2024، ژنانی گوندی کاخرێ لە دژی بڕیارەکە دەستیان بە خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی کرد، بەڵام چەکدارانی گرووپی سوڵتان سلێمان شا ناسراو بە عەمشات بە تووندی رووبەڕوویان بوونەوە و تەقەیان لە ژنانی خۆپێشاندەر کرد.
 
ئیبراهیم شێخۆ، چالاکڤانی سڤیل و مافناس لەبارەی رووداوەکەی گوندی کاخرێی عەفرین بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، چەکدارانی عەمشات تەقەیان لە خۆپێشاندانی ژنانی گوندەکە کردووە و بە پێی زانیارییەکان بەهۆیەوە حەوت کەس بریندار کراون، بەڵام هیچ کەسێک نەکوژراوە.
 
ئیبراهیم شێخۆ، ناسنامەی بریندارانی رووداوەکەی ئاشکرا کرد و گوتی، "لە ئەنجامی تەقەکردنی چەکدارانی عەمشاتدا، جیهان عیسۆ، حەسەن رەشید عیسۆ، نەجاح جابۆ، زەمزەم مستەفا، حەنیفە عەبۆ، عایشە عەبۆ، سەدیقە حەننان بە سەختی بریندار کراون".
 
بە گوتەی ئیبراهیم شێخۆ، گوندەکە لەلایەن چەکدارانی گرووپی سوڵتان سلێمان شا گەمارۆ دراوە و هەموو گەنجان و پیاوانی گوندەکە لە لایەن چەکدارانەوە دەستبەسەرکراون، کە تەنیا ناسنامەی دوو کەسیان ئاشکرابووە؛ ئیدریس حەجی عەلی عەبۆ و رەشید حەننان.
 
بە پێی هەمان سەرچاوە، تۆڕی ئینتەرنێت و تەلەفۆنی گوندەکە لە لایەن چەکدارانەوە بۆ ماوەی چەند کاژێرێک بڕابوو، بەڵام دواتر دۆخەکە ئاسایی کراوەتەوە.