لە سەردەشت دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
 
بەپێی زانیارییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ی ئەیلوولی 2024، لە مڵەی هۆملی شاری سەردەشت ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیجۆ کەوتووەتە خوارەوە.
 
لە رووداوەکەدا دوو هاونیشتیمانیی گەنج گیانیان لەدەستداوە کە تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 22 ساڵدا بووە.
 
تەرمی ئەو دوو گەنجە لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە لە نێو ئۆتۆمبێلەکە دەرهێنران و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەسەڵاتی دادی شاری سەردەشت کرا.