پارتی: جەخت لەسەر گیانی ئاشتەوایی و دوورخستنەوەی بیری تووندوتیژی دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای، "گیانی ئاشتەوایی، لێبووردەیی و پێکەوەژیان پتەو بکرێن؛ بیری تووندوتیژی لە هەرێمی کوردستان دووربخرێتەوە".
ئەمڕۆ یەكشەممە 15/9/2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر محەممەد، پەیامێکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان کرد و هیوای خواست "ئەم بۆنە پیرۆزە، هەوێنی خێر، خۆشی و ئاسوودەیی بێت بۆ تەواوی کۆمەڵگەکە، بە هەموو پێکهاتەکانیەوە".
لە بەشێکی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا هاتووە، "لەم دەرفەتەدا وەک چۆن هەرێمی کوردستان هەمیشە نموونەی وڵاتی فرەئایین و ئایینزاکان بووە، دیسان جەخت لەسەر قووڵکردنەوە و پتەوکردنی گیانی ئاشتەوایی، لێبووردەیی، پێکەوەژیان، هەماهەنگی کۆمەڵایەتی، دوورخستنەوەی خولیا و بیری شەڕانگێزی، تووندوتیژی لە هەرێمی کوردستان دەکەینەوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە 15-09-2024، بەرامبەر بە 12ـی رەبیعی یەکەم بەپێی رۆژژمێری کۆچی، رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامە و بەو بۆنەیەوە لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان رێوڕەسم و فێستیڤاڵی ئایینیی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن.