پەرلەمانی كوردستان لە دادگای فیدراڵی سكاڵا دژی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تۆماردەکات


رووداو - هەولێر 

 

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵای دژی ماددەی 16ـی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تۆماركرد. 
 
بەپێی ئەو ماددەیە بێت، دەبێت هەموو كەسێك لە رۆژی هەڵبژاردن لەناو پارێزگاكەی خۆی دەنگ بدات، ئەوەش وادەکات ئاوارەیەكی زۆر کە ناتوانن لەكاتی هەڵبژارندا بگەڕێنەوە پارێزگاكانیان، لە هەڵبژاردن بێبەش بن.
 
جوان یونس، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو ماددەیە ئەگەر هەڵنەوەشێتەوە زیانی زۆری بۆ كورد دەبێت و لە هەندێ‌ ناوچە دەبێتە هۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە. جگە لە زیانی زۆری بۆ كورد، هاوكات دژی چەند خاڵێكی دەستووری هەمیشەیی عێراقیشە بۆیە داوای هەڵوەشاندنەوەیمان كردووە".
 
پێشتر لە پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەمواركرایەوە و بڕیاریشە لە رۆژی 1ـی نیسانی 2020 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەڕێوەبچێت،  هەڵبژاردنەكە كەركووكیش دەگرێتەوە، بەڵام پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.
 
هاوکات سیروان هەرکی، پارێزەری لیژنەکە رایگەیاند، ئەو یاسایە چەندین سەرپێچی دەستووری تێدایە، کە نەک زیان تەنها بە خەڵکی کوردستان بەڵکو بە خەڵکی عێراقیش دەگەیێنێت.
 
بە گوتەی سیروان هەرکی، هۆیەکانی دەرچواندنی ئەو ماددانەش سیاسین وەک لەوەی یاسایی بن، پەرلەمانی عێراقیش دەبێت بە یەک چاو سەیری تەواوی پێکهاتەکانی عێراق بکات.