نەشتەرگەرییەکی دەگمەنی 5 کاژێری لە هەولێر؛ نەخۆش قسە لەگەڵ پزیشکەکە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نەشتەرگەرییەکی دەگمەن و پێشکەوتوو لە هەولێر بۆ نەخۆشێک کرا، ئێسکی کاسەی سەری نەخۆشەکە کراوەتەوە و گرێیەک لە مێشکی دەردەهێنرێت. ئەوەی جێی سەرنجە نەشتەرگەرییەکە بە سڕکردنی گشتی نەکراوە و نەخۆشەکە هۆشیارە و قسە لەگەڵ پزیشک و تیمی نەشتەرگەری دەکات.
نزیکەی مانگێک بەر لە ئێستا ئەم نەشتەرگەرییە کراوە. نەخۆشەکە ناوی نەهرۆ ئەنوەرە و تەمەنی 62 ساڵانە، ئێستا سەرقاڵی کار و کاسبیی خۆیەتی لە بازاڕدا.
نەهرۆ بە رووداوی گوت "بردمیان بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەر، شەو بوو کە چووم، بەیانی هەستام گوتیان جەڵتە لێیداوە، بەڵام وانەبوو، گوتیان با تیشکی سەری بۆ بگرین ئەوە گرێیە، جەڵتە نییە، سڕیان کردم و چەند دەرزییەکیان لە سەرمدا کە بەڕاستی بە ئازار بوو، گوتم ئەگەر ئاوابێت شتێکی خراپم کردووە، دواتر گوتی 'نا هیچ نییە تۆ بووەستە'، ئیدی کەم کەم سەرم سڕ بوو، بەڵام ئاگام لێبوو کە سەری شەق کردم."
ئەو نەشتەرگەرییەی کە بۆ نەهرۆ ئەنجامدراوە بە یەک لە هەرە سەختترین نەشتەرگەرییەکان دادەنرێت کە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت ستافێکی 10 کەسی لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ بۆ ماوەی پێنج کاژێر نەشتەرگەرییەکەیان ئەنجامداوە.
پزیشکەکەی نەهرۆ دەڵێت، بەهۆی ئەوەی گرێیەکە لە شوێنێکی هەستیاری نزیک سەنتەری قسەکردنی نەخۆشەکە بوو، بۆیە باشترین رێگە تەنیا سڕکردنی بەشێکی سەری بووە بۆ ئەوەی بەردەوام چاودێریی کاردانەوەی نەخۆشەکە بکەن. پێیشی وایە نەشتەرگەرییەکە نەشتەرگەرییەکی گرنگ و سەرکەتووبووە.
رەزا ئیسماعیل، پزیشکی نەشتەرگەریی مێشک و دەمار و بڕبڕەی پشتە، دەڵێت: ئەو گرێیانەی کە نزیکن لە سەنتەری قسەکردن ناتواندرێت بە شێوازی کۆن نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت، چونکە سەنتەرەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، بۆیە باشترین رێگە ئەوەیە نەخۆشەکە بەئاگا بێت و تەنیا ئەو بەشەی نەشتەرگەرییەکەی بۆ دەکرێت، سڕبکرێت.
بە گوتەی دکتۆر رەزا ئەو جۆرە تەکنیکی نەشتەرگەرییە ئامادەکاریی باشی دەوێت لە رووی راهێنان بە ستافی ژووری نەشتەرگەری و ئامادەکردنی نەخۆش لە رووی دەروونییەوە، هەر بۆیە لە هەرێمی کوردستان ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە بە "دەگمەن" دەبینرێت.