وەزارەتی کشتوکاڵ: رێکاری پێویست بۆ رێگریی لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون گیراوەتەبەر

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رێکاری پێویست بۆ رێگریی لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون گیراوەتەبەر و رێگە بە هاوردەکردنی ئاژەڵ لەو وڵات و پارێزگایانە نادرێت، کە تای خوێنبەربوونیان تێدا بڵاوبووەتەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 15-06-2023 فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان خواست لەسەر ئاژەڵی زیندوو زیاتر دەبێت، بەڵام ئەو خواستە بەشێوەیەکی جەوهەریش نییە. ئەوەش بەشێوەیەکی کاتی کاریگەری لەسەر نرخەکەی دەبێت، بەڵام زۆر نابێت وەکو جەژنی رەمەزان، چونکە ئەو کاتە ئاژەڵی خۆمان پێنگەیشتبوو، بەڵام ئێستا ئاژەڵی خۆمانیش هەیە."
 
لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق نەخۆشیی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ دەڵێت: "لەو پارێزگا و وڵاتانەی کە تای خوێنبەربوونی تێدا تۆمارکراوە رێگە بە هاوردەکردنی ئاژەڵ نادرێت. لە وڵاتانی دیکەش بە کۆمەڵێک مەرج رێگە دەدرێت ئاژەڵی زیندوو هاوردە بکرێت."
 
لەبارەی رێکارەکانی هاوردەکردنی ئاژەڵ، فیراس سدیق گوتی: "ئەو وڵاتەی کە ئاژەڵی لێ دەهێنرێت، دەبێت راپۆرتی بە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاژەڵ (oie) دابێت و بەگوێرەی ئەو راپۆرتەش نابێت هیچ نەخۆشییەکی هەبێت. ئەگەر لە شارێکی دیاریکراویش نەخۆشیی هەبێت ئەوە هاوردەکردن لە وڵاتەکە هەمووی قەدەخە دەکەین. دەبێت ئاژەڵەکە لە وڵاتی خۆی 21 رۆژ کەرەنتین بکرێت بۆ ئەوەی ئەگەر نەخۆشی هەبێت دەربکەوێت. جگە لەوانە ئەگەر ئاژەڵەکە بێتە هەرێمی کوردستان لە سنوورەکان پێنج رۆژ دەبێت کەرەنتین بێت ئەوکات دەچنە سەربڕخانەکان."
 
هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان ساڵانە 14.4 کیلۆگرام گۆشت دەخوات، واتە بە گشتی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 88 هەزار تۆن گۆشتی سوورە.
 
فیراس سدیق گوتی: "هەموو رێکارێکی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوە و رێگری لە تای خوێنبەربوون گیراوەتەبەر، بە تایبەتی رشاندن لە سنووری سۆران، چونکە لەو سنوورە زیاتر نەخۆشییەکە بڵاوبووەتەوە، بۆیە زۆربەی شوێنی ئاژەڵەکان رشاندنی بۆ کراوە، هەروەها مەیدانی ئاژەڵان کاری پاککردنەوە و رشاندنی بۆ کراوە، ئەوەی دیکە پەیوەندیی بە ئاستی هۆشیاری خەڵكەوەیە کە هاوکاربن لەم بابەتە."
 
تائێستا سێ کەس بە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان لە سۆران، کەسێک لە هەولێر و کەسی سێیەم لە پارێزگای دهۆک، کە هەرسێکیان بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵدا هەبووە.