تیژڕەویی شۆفێران رووداوی هاتووچۆی لەسەر شەقامی 120 مەتری زیادکردووە


رووداو - هەولێر 

گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، لە شەقامی 120ـی هەولێر زۆربەی شۆفێران بەخێرایی 150 كیلۆمەتر لەكاژێرێكدا دەڕۆن، ئەوەش رووداوەکانی هاتووچۆی لەو شەقامە زیادکردووە. 

رائید فازیل حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، سەرباری ئاگاداركردنەوەی شۆفێران بە چەندین شێواز، بەڵام خێرایی لێخوڕین لە شەقامی 120 مەتری زۆرە و شۆفێران پابەندی ئەو خێراییە نابن كە بۆیان دیاریكراوە. 

فازیل حاجی ئاماژەی بەوە کرد "خێرایی رۆیشتن لەو شەقامە لە كاژێرێكدا 80 بۆ 110 كلیۆمەتر دیاریكراوە، بەڵام بەشێكی كەمی شۆفێران پابەندی ئەو خێراییە دەبن، بەشێوەیەكی گشتی بەخێرایی 150 كلیۆمەتر لە كاژێكدا دەڕۆن ئەوەش هەندێ‌ جار دەبێتە هۆكاری رووداوی هاتووچۆ".

گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر، داوا لە شۆفێران دەكات پابەندی ئەو خێرایی لێخوڕینە بن كە بۆیان دیاریكراوە، گوتیشی "جگە لە كامێرە گەڕۆكەكان لە تەواوی شەقامی 120مەتری 12 كامێرەی چاودێری جێگیر هەیە، بەڵام بەشێك لە شۆفێران پابەندی خێرایی لێخوڕین نابن".

تەواوی شەقامی 120 مەتری هەولێر 36 كلیۆمەترە، بەڵام هێشتا هەشت كلیۆمەتری ماوە تەواوبێت، لە چەند رۆژی رابردوو چەند رووداوێكی هاتووچۆ لەسەر ئەو شەقامە روویاندا، دوێنێ هەینی (14-6-2019) ئۆتۆمبێلێک لەسەر یەکێک لە بەرزەپردەکانی شەقامەکە کەوتەخوارەوە و هاونیشتمانییەک گیانیلەدەستدا.