کشتوکاڵی سنە: ئەمساڵ یەک ملیۆن تۆن بەرهەمی گەنم دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی پێشبینییەکانی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای سنە، ئەمساڵ لەو پارێزگایەدا یەک ملیۆن تۆن بەرهەمی گەنم دەبێت؛ کشتوکاڵی لوڕستانیش پێشبینی هەبوونی 430 هەزار تۆن گەنم دەکات.
گەنم بەرهەمێکی سەرەکیی کشتوکاڵی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە پارێزگای ئیلامەوە کە ناوچەیەکی گەرمترە بەراورد بە پارێزگەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، دروێنەکردنی گەنم زووتر دەستپێدەکات.
حکومەتی ئێران ئەمساڵ هەر کیلۆیەک گەنم بە 15 هەزار تمەن کە دەکاتە نزیکەی 20 سەنت لە جووتیاران دەکڕێت و ئەوەش ناڕەزایەتی جووتیارانی لێکەوتووەتەوە؛ ئەوان پێیان وایە ئەم نرخە زۆر کەمە.
محەممەد ساڵح ئەحمەدی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای سنە بۆ کاروباری بەرهەمی رووەک دەڵێ، لەو پارێزگایەدا لە 589 هەزار و 500 هێکتاردا گەنم چێنراوە و تەنیا 32 هەزار و 500 هێکتاری بەرئاوە.
بەگوتەی محەممەد ساڵح ئەحمەدی، زۆرترین گەنم لە شارەکانی بیجاڕ، دیواندەرە، سەقز، قوروە و دێولان چێنراوە و چاوەڕوان دەکرێ یەک ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم بێت و لەوەش 850 هەزار تۆنی بە حکومەت بفرۆشرێت.
هاوکات عیماد شاهروخی، سەرۆکی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای لوڕستان رۆژی یەکشەممە، 14-5-2023 گوتی، "ئەم وەرزە بەراورد بە وەرزی رابردوو، بارانی باشتر باری؛ بۆیە پێشبینی دەکرێت گەنمی ئەمساڵ لە ساڵی رابردوو زیاتر بێت و بگاتە 430 هەزار تۆن".