پۆلیسی راپەڕین: سلێمان هەڵشۆیی شایستەی ئەوەیە بە کەفالەت ئازادبکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکرێت سلێمان هەڵشۆیی بەمزووانە بە کەفالەت ئازادە بکرێت و دەڵێت ''ئەوەی دەگوترێت دوورە لە راستییەوە، بەڵام وەک ئەو 86 کەسەی کە پێشتر لەسەر دۆسیەکەی سلێمان هەڵشۆیی بە کەفالەت ئازادکراون، ئەویش شایستەی ئەوەیە بە کەفالەت ئازادبکرێت."
 
لە ماوەی رابردوودا سلێمان هەڵشۆیی و 86 کەسی دیکە تۆمەتبارکران و دەستگیرکران بە تۆمەتی ئەوەی "پارەی خەڵکیان خواردووە و نەیانداوەتەوە". شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین رۆژی یەکشەممە 15-5-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "من نەمگوتووە کە سلێمان هەڵشۆیی چ کاتێک بە کەفالەت ئازاد دەکرێت، بەڵام لەبەرئەوەی کەیسەکە لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەرکراوە و پێشتر 86 کەس بە کەفالەت ئازادکراون، سلێمان هەڵشۆیش بە پێی یاسا شایستەی ئەوەیە بە کەفالەت ئازادبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کەیسەکە نەگەیشتووەتە ئەوەی کە بەمزووانە بە کەفالەت ئازاد دەکرێت یاخود نا."
 
بەگوتەی شۆڕش ئیسماعیل، ئەو 86 کەسەی بە کەفالەت ئازادکراون "لەنێوان 3 ملیۆن بۆ 250 ملیۆن دیناریان داوە و دواتر بە کەفالەت ئازادکراون."
 
لەسەر دۆسیەکەی سلێمان هەڵشۆیی تاوەکو ئێستا 1200 سکاڵا تۆمارکراوە و گوتەی سکاڵاکارەکانیش وەرگیراوە. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەشڵێت " ئەو بڕە پارەیەی کە سکاڵاکاران باسی دەکەن بڕی 1500 دەفتەر دۆلار [15 ملیۆن دۆلارە]ـە."
 
سلێمان هەڵشۆیی لە سەرەتایی دەستگیرکردنەیەوە [رۆژی 20-12-2020] بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 456 لە یاسایی سزادانی عێراقی راگیراوە و تاوەکو ئێستاش لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیدا دەکرێ و بەردەوامە.
 
سلێمان هەڵشۆیی وەک بازرگان لە دەڤەری بیتوێن و پشدەر خۆی ناساندبوو و کۆتایی ساڵی 2020 مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و دواتر لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە بۆ پاراستنی گیانی لە ماڵەکەی برایە دەرەوە و تاوەکو ئێستاش بە بڕیاری دادوەر لە بەشی گرتن و گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین دەستبەسەرە.
 
ئەو کەسەی لە سەنگەسەر گوللەی لێدراوە پەیوەندی بە کەیسی سلێمان هەڵشۆییەوە هەیە؟
 
ئێوارەی رۆژی شەممە 14-5-2022 لەناو بازاڕی شارۆچکەی سەنگەسەری قەزای پشدەر لە پارێزگای سلێمانی، کەسێک بە دەمانچە بریندار کرا و دەنگۆی ئەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستبووە کە "پەیوەندی بە کەیسەکەی سلێمان هەڵشۆییەوە هەیە."
 
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت " تۆمەتبارەکەمان لە دوای رووداوەکە دەستگیرکرد، بەڵام جارێ لەژێر لێکۆڵینەوەداین و بۆمان روونەبووەتەوە کە ئایا پەیوەندی بەو دۆسیەی سلێمان هەڵشۆییەوە هەیە یاخود نا."
 
ئەو کەسەی بریندار بووە تەمەنی نزیکەی 50 ساڵە و گولـلە بەر سەری کەوتووە، بەگوتەی شۆڕش ئیسماعیل بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی چارەسەر وەردەگرێت.