لەدوای سەرکەوتنە گەورەکەی، هاندەران بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە ئامەدسپۆر کرد

رووداو دیجیتاڵ 

لەدوای ئەوەی یانەی ئامەدسپۆر بەرامبەر کاستامۆنوسپۆر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هاندەرانی یانەکە رژانە سەر شەقامەکان و ئاهەنگیان بەبۆنەی بردنەوەی ئامەدسپۆر گێڕا. 
 
هاونیشتمانییان لە فڕۆکەخانەی ئامەد بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە یاریزانانی تیپەکە کرد و گۆرانیی سەرکەوتنیان گوتەوە. 
 
متمانەی هاندەران بە یانەکەیان گەیشتووەتە ئاستێک، بەجۆرێک شان لە شانی تیپەکانی وەکو بەشکتاش و گالاتاسارای دەدەن: "وا ئێمە دێین، با بەشکتاش و گالاتاسارای لێمان بترسن. ئێمە هەین، ئێمە گەلێکین، ئێمە کورمانجین [کوردین]، ناتوانن بڵێن ئامەد نییە. ئامەد هەیە و لێرەیە." 
 
ئامەدسپۆر لە رکابەرییەکانی گەڕی 33ـی خولی پلە دووی تورکیا لە کۆمەڵەی سوور بەرامبەر یانەی کاستامۆنوسپۆر یارییکرد و یانە کوردستانییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا. خاڵەوە گەڕایەوە ئامەد. 
 
بەبردنەوەی ئەم یارییە، ئامەدسپۆر لە پلەی یەکەمی ریزبەندیی کۆمەڵەی سووری خولی پلە دووی تورکیا، بووە خاوەنی 77 خاڵ و سەرکەوتنی بۆ خولی پلە یەکی تورکیا مسۆگەر کرد، ئێستا یانەکە 3 یاریی لە خولەکەدا ماوە و چاوی لەوەیە نازناوی خولەکە بباتەوە، بۆ ئەوەش پێویستی بەبردنەوەیەکی هەیە بۆ ئەوەی نازناوەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە.
 
ئەگەر ئەم ساڵ ئامەدسپۆر ببێتە پاڵەوان لە خولی پلە دووی تورکیا، ئەوا راستەوخۆ دەچێتە خولی پلە یەک و ئەگەر لەو خولەشدا سەرکەوێت، دەچێتە خولی نایابی تورکیا و ئەوکات لە ریزی یانەکانی وەکو گالاتاسارای و فەنەرباهچە و بەشکتاش یاری دەکات. 
 
ئامەدسپۆر لە خولی پلە دووی تورکیا، لە 33 یارییدا 23 یاریی بردووەتەوە، لە 8 یارییدا یەکسانبووە و تەنیا 2 یاریی دۆڕاندووە.
 
دوای بردنەوەی ئەم یارییە مێژووییە، هەزاران هاندەری ئامەدسپۆر لە ئامەد کە لە رێگەی شاشەیەکی گەورەوە سەیری یارییەکەیان دەکرد ئاهەنگیان بەبۆنەی بردنەوەی یارییەکەوە گێڕا.
 
بەشێکی زۆری هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر قسەیان بۆ رووداو کرد و هەمووان هیوای ئەوە دەخوازن ئامەدسپۆر نازناوی خولەکە بباتەوە.