کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان: داوامان لە عێراق کردووە هەموو گەنمی جووتیارانمان وەربگرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داوایان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کردووە هاوشێوەی پارێزگاکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان، هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرن.
رۆژی دووشەممە 15-04-2024 هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارە بەمنزیکانە شاندێکی وەزارەت سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆببێتەوە و لەبارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران قسەبکەن.
بە گوتەی هیوا عەلی، تاوەکو ئێستا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رێککەوتنی کۆتاییان لەبارەی بڕی گەنمی وەرگیراوی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نەکردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەمساڵ دوو ملیۆن و 900 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە و پێشبینی دەکەن بەرهەمی گەنم زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو تۆن بێت.
ساڵی رابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیاران وەرگرت، کە 500 هەزار تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بوو.
هیوا عەلی گوتی، "هەروەکو چۆن گەنمی جووتیاران لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق هەمووی وەردەگیرێت، ئێمەش داوامان کردووە هەموو گەنمی جووتیارانمان وەربگیرێت یان زۆرترین گەنم وەربگرن."
لە کۆتایی ئەم مانگە دروێنە لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و تاوەکو کۆتایی مانگی پێنج لە هەموو کوردستتان بەردەوام دەبێت. هیوا عەلی دەڵێ "وەرگرتنی گەنم دەکەوێتە کۆتایی مانگی داهاتوو و دەستپێکی مانگی حوزەیران."
رۆژی 11ـی نیسانی 2024، وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەستپێکردنی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی لە عێراق راگەیاند و یەکەم شوێنیش لە پارێزگای موسەنناوە دەستیپێکرد، تاوەکو 12ـی ئەم مانگە زیاتر لە 12 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی 13ـی نیسانی 2024 بە رووداوی راگەیاند، بڕی گەنمی وەرگیراوی هەرێمی کوردستان لەلایەن لیژنەیەکەوە بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "گەنم بە یەک نرخ وەردەگیرێت و دوای دەرچوونی لە پشکنین، هەر تۆنێکی بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت."