لە مهاباد تەرمی پیاوێکی بەساڵاچوو دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ تەرمی پیاوێکی بەساڵاچوویان لە بەرزاییەکانی ئەو شارە دۆزیوەتەوە و لە لایەن تیمەکانیانەوە هێنراوەتەوە خوارەوە.
سلێمان فەرازمێهر، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری شاری مهاباد رۆژی دووشەممە رایگەیاند، بەساڵاچووەکە تەمەنی 71 ساڵە و بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهارە چووەتە بەرزاییەکانی ئیبراهیم جەلالی شاری مهاباد. تیمەکانیان دوای چوار کاژێر گەیشتوونەتە سەر تەرمەکە.
فەرازمێهر گوتی، دوای پشکنین و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەلایەن تیمەکانی مانگی سوورەوە، بۆیان دەرکەوتووە ئەو هاونیشتمانییە بەساڵاچووە تووشی جەڵتەی دڵ بووە و گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری مهاباد دەڵێت، تەرمی هاونیشتمانییەکە لە لایەن تیمەکانیانەوە لە بەرزاییەکانەوە هێنرایە خوارەوە و بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی هۆکاری مردنەکەی، رادەستی دادپزیشکیی مهاباد کراوە.