خاوەنکارەکان لە سزای دواکەوتنی پارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەبەخشرێن
رووداو دیجیتاڵ
هەر خاوەنکارێک پارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکارەکانی نەداوە و سزای پێبژاردنی بۆ کراوە، ئەگەر لە ماوەی 90 رۆژدا پارەکە بدات، لە 100٪ـی سزاکە دەبەخشرێت.
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەو بڕیارە لەسەر داوای کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بوو و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پەسندکراوە.
دەبێت هەر خاوەنکارێک مانگانە دەستەبەری کرێکارەکانی بدات، بە پێچەوانەوە بە پێبژاردنی 2٪ـی پارەی دەستەبەرییەکە سزادەدرێت و هەر مانگێکیش دوابکەوێت سزاکە زیاد دەکات، واتە ئەو 2٪ە دەبێتە 4٪ و بەوشێوەیە بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، "ئەگەر خاوەنکار لە ماوەی 90 رۆژدا دەستەبەری کرێکارەکانی بدات، حکومەت لە 100٪ـی سزای دواکەوتنی پارەی دەستەبەری خۆشدەبێت".
بە یاسایەک، کە لە ساڵی 1971 دەرچووە، خاوەنکار دەبێت دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارەکانی بکات، بەشێوەیەک 17٪ی کرێی کرێکارەکە دەخرێتە سندووقی خانەنشینی، کە 5%ی لە کرێی کرێکارەکە و 12%ی خاوەنکارەکەی دەیدات.
تاوەکو 09-03-2024 لە هەرێمی کوردستان 148 هەزار و 621 کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە؛ 125 هەزار و 380 کرێکاری نێوخۆیی و 23 هەزار و 241 کرێکاری بیانی.