پارێزگاری هەولێر: هێرشکردنەسەر پارێزەرەکە قبووڵکراو نییە و بکەرانی بە زووترین کات دەستگیردەکرێن


رووداو دیجیتاڵ

لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشکراوەتەسەر پارێزەرێکی دانیشتووی هەولێر و لێی دراوە. پارێزگاری هەولێر لەوبارەوە دەڵێت، هیچ کەس لە سەرووی یاساوە نییە و هێرشکارەکان یان دەبێ خۆیان رادەستی یاسا بکەن یان لە هەرشوێنێک بن دەستگیر دەکرێن. سەندیکای پارێزەرانی کوردستانیش بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کارە دەکات.
 
شەوی رابردوو هاونیشتمانییەک بەناوی محەممەد یابە سۆفی کە پارێزەرە لە شاری هەولێر ''لەلایەن چەند کەسێکەوە رفێندراوە و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر ئازاد کراوە''.  
 
ئەمڕۆ 15-04-2023 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی رووداوەکە گوتی، لە هەرێمی کوردستان هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە و هێرشکارەکان یان دەبێ خۆیان رادەستی یاسا بکەن یان لە هەرشوێنێک بن دەستگیر دەکرێن.
 
یونس یابە برای ئەو پارێزەرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 11:00ـی شەوی رابردوو، براکەم لە گەڕەکی شێخ ئەحمەد لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە رفێندرا و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر لە نزیکی ماڵی خۆی ئازاد کرا".
یونس یابە گوتیشی، جگە لە ئەشکەنجەدان، چەکدارەکان سەری پارێزەرەکەیان تاشیوە و دەڵێت: "بەداخەوە سەرتاشینیش خەریکە دەبێتە نەریتێک بۆ سووکایەتیکردن بە خەڵک".
 
پارێزگاری هەولێر لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، ''ئەو دوو حاڵەتەی [سەرتاشین] لە هەولێر هەبوون، نە گوزارشتە لە شارێکی گەورەی وەک هەولێر و نە گوزارشتە لە حکومەتێک کە پڕە لە جێبەجێکردنی یاسا و پارێزگاریکردن لە ئەمنییەتی هاووڵاتییان.''
 
 
ماوەیەک لەمەوپێشیش دیمەنێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تێیدا کەسێک سەری کەسێکی دیکە بە ناوی (دانی سوێدی) بە زۆر دەتاشێت کە گۆرانیبێژێکی میلـلییە، بڵاوبوونەوەی دیمەنەکە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و دواتر تۆمەتباران لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکران.
 
ئومێد خۆشناو گوتی، "بێگومان بکەرانی کردەوە ناشیرینەکەی هێرشکردنەسەر محەممەد یابە سۆفیش لە زووترین کاتدا دەکەونە بەردەمی یاسا و دەستگیر دەکرێن. ئەو جۆرە کارانە لەلایەن حکومەت و دەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشەوە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین.''
 
برای پارێزەرەکە دەڵێت: "دوژمنایەتی و کێشەی کەسییمان لەگەڵ هیچ کەسێک نییە؛ ئەوەی روویداوە بەهۆی بابەتێکی کۆمەڵایەتییەوە بووە لەنێوان دوو کەسدا کە براکەم پارێزەری یەکێکیان بووە و بەشێوەی یاسایی کارەکانی کردووە، بەڵام لایەنەکەی دیکە رفاندویەتی و ئەشکەنجەی داوە".
 
سەندیکای پارێزەرانی کوردستانیش لەبارەی هێرشکردنەسەر پارێزەرەکە ئەمڕۆ شەممە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بە تووندى سەرکۆنەى هێرشکردنەکە دەکات.
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ''رۆژى هەینى لە لایەن تاقمە کەسێکەوە و بە بیانووى نایاسایی هێرش کرایە سەر پارێزەرى راوێژکارى محەممەد یابە سۆفی و پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکى جەستەیی و رۆحی و شکاندنى سەر و رووخسارى، وەک سووکایەتى سەریشى دەتاشرێت.''
 
سەندیکاکە دەڵێت، پارێزەر محەممەد یابە سۆفی تاوەکو ئێستا ''تەنیا لە پێناو پاراستنى مافە یاسایی و ئینسانییەکانى بریکاردار کارى پیشەیی خۆى ئەنجام داوە و داکۆکى لە مافى بریکاردار کردووە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا و بە پێى مادەى 22ـی یاساى پارێزەرایەتى، 'هێرشکردنە سەر پارێزەر وەک هێرشکردنە سەر دادوەر'ـە و وەک پێشێلکردن و دەستدرێژیکردنە سەر دامودەزگا یاساییەکانى هەرێمى کوردستان هەژمار دەکرێت.''
 
سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە راگەیێندراوەکەدا دەشڵێت، ''گشت رێکارە یاساییەکان دەگرینە بەر.''