د. رێواز فایەق: هێرشکردنە سەر هەولێر هەوڵێکی ترسنۆکانەی نەزۆکە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌‌ى نێوده‌وڵه‌تيى هه‌ولێر دەڵێت "هێرشکردنە سەر هەولێر هەوڵێکی ترسنۆکانەی نەزۆکە بۆ تێکدانی ئارامی پایتەختی هەرێمی کوردستان."
 
د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ئەکاونتنی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی "هێرشکردنە سەر هەولێر هەوڵێکی ترسنۆکانەی نەزۆکە بۆ تێکدانی ئارامی پایتەختی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا هەولێر وەک قەڵا قایم و وەک ورەی پێشمەرگە بەهێز و خۆڕاگرە."
 
دەوروبەری کاژێر 09:50 خولەکی شەوی 14-04-2021 هێرشکرایە سەر بنکەی هاوپەیمانان لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکە رایگەیاند "هێرشەکە لەڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە".
 
جگە لەو هێرشەی سەر هەولێر چەند مووشەکێک ئاراستەی بنکەی سەربازیی تورکیا لە باشیک کران. ناسر عەلی، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک رایگەیاند بوو "کاژێر 09:10 خولەک چوار مووشەک ئاراستەی بنکەی سەربازیی تورکیا لە باشیک کران، ئەوەی روونە ئەوەیە کە کچێک برینداربووە و سێ کەسیش بەهۆی هێرشەکەوە لەڕووی دەروونییەوە دۆخیان تێکچووە. بەڵام تاوەکو ئێستاش نازانرێت زیانە گیانی و ماددییەکان چەندن." وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، سەربازێکیان لە هێرشەکەدا کوژراوە. دوای هێرشەکەش فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
 
 

 

هەر دوای رووداوەکە، سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان بە تووندی سه‌ركۆنه‌ى هێرشەکانی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌‌ى نێوده‌وڵه‌تيى هه‌ولێر و پێگه‌يه‌كى هێزەکانی‌ توركيا له‌ باشيك کرد و رایگەیاند، "چه‌ندباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌م هێرشانه‌ هه‌ڵوه‌سته‌يه‌كى جیدى ده‌وێت و دەبێت سنوورێكى يه‌كجارييان بۆ دابنرێت."
 
هەروەها، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشەکە بڵاوکردەوە و جگە لە سەرکۆنەکردنی گوتیشی "هەر گرووپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت، دەبێت دەستبەجێ لە سنووری هەرێمی کوردستان بکشێنەوە". 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا "لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ هاوبەشانمان لە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆ لەسەر رێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە دەکەم".
 
لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر ئاماژە بەوە کرابوو کە "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە. لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوێنی هاتنی درۆنەکە".
 
دەقی تویتەکەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هێرشەکە
 
هێرشکردنە سەر هەولێر هەوڵێکی ترسنۆکانەی نەزۆکە بۆ تێکدانی ئارامی پایتەختی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا هەولێر وەک قەڵا قایم و وەک وورەی پێشمەرگە بەهێز و خۆڕاگرە...
 
(شاری قەڵا و مەنارە هـەولێـرە دیارە ئێرە
شاخی بەرزو بەفرینە دەشت و چیمەن زەنوێرە)