باڵیۆزخانەی ئوسترالیا لە رێگەی رووداوەوە پەیامی سەرەخۆشی بۆ هەڵەبجە دەنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا باڵیۆزخانەی ئوسترالیا لە بەغدا لە رێگەی رووداوەوە پەیامی سەرەخۆشی و هاوسۆزی بۆ هەڵەبجەییەکان دەنێرێت.
لە پەیامەکەدا هاتووە، "باڵیۆزخانەی ئوسترالیا لە عێراق رێزی خۆی بۆ قوربانیان و رزگاربووانی بۆردوومانی تۆقێنەری ساڵی 1988ی هەڵەبجە دەردەبڕێت. ئەوانەی گیانیان لەدەستدا یادیان دەکەینەوە؛ هەروەها ستاییشی هێز و خۆڕاگریی باوەڕپێنەکراوی خەڵکی هەڵەبجە دەکەین".
رۆژی 16ی ئاداری 1988 حکومەتی ئەو کاتی عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر هەڵەبجە و بەو هۆیەوە لانیکەم پێنج هەزار کەس شەهید بوون و نزیکەی 10 هەزاری دیکەش بریندار بوون. هاونیشتمانییە بریندارەکان بەهۆی کاریگەریی چەکی کیمیاییەوە تووشی نەخۆشیی درێژخایەن بوون و تاوەکو ئێستاش کاریگەری لەسەر بەشێکیان ماوە.
پەرلەمانی ئوسترالیا 16ی ئاداری 2010، هێرشەکەی بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی پۆلێنکرد.
باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە دەڵێت، "پابەندبوونی ئوسترالیا بە بنبڕکردنی چەکی کیمیایی، لە یادی ئەو قوربانییە زۆرانەی چەکی کیمیایی کە لە ململانێکانی سەرانسەری جیهاندا بەکارهێنراوە، بناخەی گرتووە".
ساڵی 2010، دادگەی باڵای تاوانی عێراق کیمیابارانی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند، هەروەها لە هەمان ساڵدا عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیایی، کە لە کاتی جیاوازدا وەزیری نێوخۆ و بەرگریی عێراق و بەرپرسی باڵای بەعس بووە لەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە سێدارە درا.
36ـەمین ساڵیاد لە چاوەڕوانیی بەپارێزگەبووندا
ئەم ساڵ هەڵەبجە لە چاوەڕوانیی هەنگاوی کۆتایی بەپارێزگەبوونیدا یادی مەرگەساتەکە دەکاتەوە.
هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستاندا بە فەرمی کراوەتە پارێزگا، بەڵام هێشتا لە لایەن پەرلەمانی فیدراڵیی عێراقەوە بەپارێزگابوونی پەسندنەکراوە تاوەکو ببێتە 19یەمین پارێزگەی عێراقی فیدراڵ، وێڕای ئەوەی لە 13ی ئاداری پارەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسایەکی بۆ ئەو مەبەستە پەسندکردووە.
بڕیاربوو 14ی ئەیلوولی پار لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی لایەنە عێراقییەکان بووە بەربەست.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 130 هەزار کەسە؛ رووبەرەکەی 1599 كیلۆمهتر چوارگۆشەیە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەقەزابوونی خورماڵی داوە.
چالاکی و رێوڕەسمەکانی ئەم ساڵ
کاژێر 09:00ـی بەیانیی رۆژی شەممە 16ـی ئادار، لە مەزاری شەهیدانی کیمیاباران لە شاری هەڵەبجە رێوەڕەسمێک بەڕێوەدەچێت و تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆی شەهیدانی شارەکە دادەنرێت.
شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رۆژی چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ بەشداربوون لە رێوڕەسمەکانی ئەم ساڵدا جگە لە سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەریەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراقیان بانگهێشت کردووە.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان هەموو بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان بانگهێشت کردووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نازانن کێ بەشدار دەبێت و کێ بەشدار نابێت.
لە هەمان رۆژدا چەند چالاکییەکی دیکە بەڕێوەدەچن، لەوانە، بەڕێوەبردنی چەند پانێڵێک لە زانکۆی هەڵەبجە.
چرۆ حەمە شەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە رەزامەندیی نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عێراق وەرگیراوە بۆ ئەوەی لە 16ـی ئاداردا بڕی 30 هەزار نەمام بنێردرێنە هەڵەبجە.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، لە هەمان رۆژدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بۆنەی ساڵیادی کیمیابارانەوە، یەک ملیار دینار بە دیاری دەبەخشێتە پارێزگاکە و بۆ دروستکردنی پرۆژەی دەروازەی شاری هەڵەبجە خەرج دەکرێت.
ئازاد تۆفیق گوتی، "لە پاڵ یەک ملیار دینارەکە، 100 تەزووگۆڕی 400 ڤۆڵتی و 250 ڤۆڵتی، هەروەها 10 کیلۆمەتر کێبڵی کارەبا و 400 ستوونی نۆ مەتری و 11 مەتریی کارەباییش بۆ هەڵەبجە دەنێردرێت."