کوڕ و باوکێک لە سنووری هەولێر بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی هاتووچۆ لە نزیک گوندی مامەجەلکە لە سنووری قەزای شەقڵاوە لەنێوان سێ ئۆتۆمبێلدا روویدا. تەندروستی شەقڵاوە دەڵێت، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
رووداوەکە دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکی نێوان قەزاکانی هەریر و شەقڵاوە لە سنووری هەولێر و کاژێر 05:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ 15ـی ئادار روویداوە.
موحسین قەسرۆکی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی شەقڵاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکاندا دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە، بەناوەکانی عیماد ئەحمەد و یوسفی کوڕی.
خزمێکی ئەو دوو هاونیشتمانییەی گیانی لەدەستداوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەستا عیماد چێشتخانەی لەنێو شەقڵاوەدا هەیە و یەکێکە لە کەبابچییە ناسراوەکان".
بە گوتەی ئەو شایەتحاڵە، لە یەکێکی دیکە لە ئۆتۆمبێلەکاندا کەسێکی دیکەش گیانی لەدەستداوە. بەڵام بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی شەقڵاوە رەتیکردەوە و گوتی، "جگە لەو دووانەی گیانیان لەدەستداوە، تەنیا دوو بریندار هێندراون".
تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.
بەگوێرەی پۆلیسی هاتووچۆ، ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ دوو هەزار و 909 رووداو بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەوە بووە، لە کۆی رووداوەکاندا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.