کچە ئەندازیارێکی کورد مۆنۆمێنتێکی نوێ بۆ هەڵەبجە دیزاین دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئەندازیارێکی تەلارساز مۆنۆمێنتێکی نوێی بۆ شەهیدانی هەڵەبجە دیزاین کردووە و دەڵێت، لە زۆر رووەوە لە مۆنۆمێنتی ئێستا گونجاوترە، کە بەلای ئەوەوە مۆنۆمێنتەکەی ئێستا لە چەندین لایەنەوە کەموکورتی تێدایە. ئەو ئەندازیارە دەڵێت: "ئامادەم دیزاینەکەم بەبێ بەرامبەر ببەخشم، ئەگەر بزانم لایەنێک هەیە کاری لەسەر دەکات و جێبەجێدەکرێت."
 
رۆژی چوارشەممە، 15-3-2023، رەیان عەبدولتاهیر، ‎ئەندازیاری تەلارسازی لە شاری سلێمانی، کە مۆنومێنتێکی نوێی بۆ هەڵەبجە دیزاین کردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دیزاینە نوێیەکە بەرهەمی زیاتر لە ساڵێک لە گەڕان و بەدواداچوون و توێژینەوەیە لەسەر مۆنۆمێنت و رەگەزەکانی تەلارسازیی و خەسڵەتەکانی و هەموو رووەکانی دیکە.
 
رەیان عەبدولتاهیر پێیوایە مۆنۆمێنتی ئێستای هەڵەبجە لە زۆر رووەوە "کەموکورتی"ـی هەیە و زۆر جار نزیکە لەوەی شێوە مۆزخانەیەک بێت نەوەک مۆنۆمێنت.
 
ئەو ئەندازیارە تەلارسازە باس لە وردەکاریی دیزاینەکەی کرد و گوتی: "لە دیزاینەکەدا چوار بیرۆکەی سەرەکی و چەندین بیرۆکەی دیکە لە پێکهاتەکانی پرۆژەکەدا کراوەتە بنەما، لەوانە مێژووی کۆن و نوێ و داهاتووی هەڵەبجە و سرووشتی کارەساتەکە و دەرئەنجامەکانی و روانین بۆ ئاییندەی شارەکە لە چوارچێوەیەکی هونەری ئەندازەییدا."
 
دیزاینەکە پڕۆژەی کۆتا ساڵی خوێندنی زانکۆی رەیانە کە لە ساڵی 2022دا تەواوی کردووە، دەڵێت، بۆ دیزاینکردنەکە سوودی لە مۆنۆمێنتی زۆر لە قوربانییان لە وڵاتانی دونیا وەرگرتووە، بەڵام تەواوی بیرۆکەی دیزاینەکە بەرهەمی خۆیەتی. 
 
مۆنۆمێنتەکە بەپێی دیزاینەکەی، شێوەی بازنەیی دەبێت. کچە ئەندازیارەکە دەڵێت، "شێوەبازنەیی لە ئەندازیاریدا مانای نەمریی هەیە، گوزارشت لە ئاوارەبوون خەڵکەکەشی بەهۆی کیمیابارانکردنەوە تێدایە، مۆنۆمێنتەکە هۆڵێکی دەبێت کە شوێنی دوو هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە، کتێبخانەیەکی تێدایە چیرۆک و دیکیۆمێنتاریی شارەکەی تێدایە، لەگەڵ بنکەیەکی تەندروستی و سەنتەرێک بۆ منداڵان و خزمەتگوزاریی، لەگەڵ کارگێڕی و بەشی دیکە وەکو رێستۆرانت."
 
کچە ئەندازیارەکە باس لەوەش دەکات کە "مۆنۆمێنتەکە سێ کوتلەی سپی تێدایە ئاماژەیە بۆ مانگی سێ، یەکەمیان گوزارشتە بۆ عومەری خاوەر، کە سیمبولی کیمیابارانی هەڵەبجەیە و، وشەکانی شەهید، ئاشتی، جینۆسایدی لەسەر هەڵکۆڵڕاوە، کوتلە بچووکەکەش تاڤگەیەکی ئاو دەبێت گوزارشتە لە رۆحی منداڵەکەی عومەری خاوەر و گوزارشتە لە ژیانەوە، لەنێوان ئەو دوو کوتلەیەشدا سێیەم هەیە کە بەرەو ئاسمان رۆیشتووە و گوزارشتە لە رۆحی زیندووی شەهیدەکانی شارەکە."
 
سەبارەت بە رووکاری دەرەوەی باڵەخانەی مۆنۆمێنتەکە، رەیان دەڵێت: "سەرەتا و دەستپێکی رووی دەرەوەی بازنەکە بە لاکێشەیی رێک نیشاندراوە، ژیانی ئاسایی خەڵکی شارەکە پێش کارەساتەکە نیشاندەدات، دواتر لاکێشەکان شێوەی خۆیان بۆ قەبارەی جیاواز و دەرپەڕیو دەگۆڕن و بەچەندین گۆشەی جیاواز و ناڕێک کە ساتی کیمیابارانەکە نیشاندەدات، ئەوەش دۆخی جەستەیی و دەروونی و چیرۆکی تاک و خێزنەکان لەو کاتەدا دەخاتەڕوو، پاشان رووەکە شێوەی خۆی دەگۆڕێتەوە بۆ ئەو لاکێشانەی سەرەتا، بەڵام بە ناڕێکی گۆشەی جیاواز، ئەوەش گەڕانەوە و بونیادنانەوەی شارەکە نیشاندەدات."
 
رەیان زانیاریی دیکە لەبارەی دیزاینی مۆنۆمێنتەکە دەخاتەڕوو و دەڵێت: "ئاراستەی تەواوی پڕۆژەکە بە ئاراستەی ئەو فڕۆکانەن کە لە کەرکووکەوە بۆ کیمیابارانکردنی شارەکە هاتبوون، هێڵێکی رەش تەواوی پڕۆژەکە دەبڕێت، گوزارشتە لە کارەساتەکە کە بەسەر شارەکەدا هاتووە و بەرینییەکەی 16 مەترە و لە ناوەڕاستی ئەو هێڵە رەشە مۆنۆمێنتەکە بەسێ کوتلەی جیاواز دەبێت کە ئاماژەیە بۆ رێکەوتی روودانی کارەساتەکە، لە پانیی پڕۆژەکە 88 دیواری راگر هەیە کە وێنە و چیرۆکی تاکەکانی لەسەر هەڵکۆڵڕاوە."
 
سەبارەت بە دوو مۆنۆمێنت لە شارەکەدا رەیان دەڵێت، دەکرێت ئەو مۆنۆمێنتەش ئێستاش هەبێت و ئەوەی ئەویش پەسند و دروستبکرێت. گوتیشی: "ئامادەم دیزاینەکەم بەبێ بەرامبەر ببەخشم، ئەگەر بزانم لایەنێک هەیە کاری لەسەر دەکات و جێبەجێدەکرێت."
 
مۆنۆمێنتی ئێستا هەڵەبجە لە ساڵی 2003 دروستکراوە، ژمارەیەک بەڵگەنامە و وێنە و دێکیۆمێنتی تایبەت بە کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی تێدایە و لە رۆژی 16ـی ئاداری ساڵی 2006 لەلایەن ژمارەیەک خۆپێشاندەرەوە وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر نەبوونی خزمەتگوزاری لە شارەکە، سووتێنرا.
 
لە ساڵی 1988، رژێمی بەعس لە رێگەی ژمارەیەک فڕۆکەوە بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر شاری هەڵەبجە و بەهۆیەوە پێنج هەزار کەس شەهیدبوون و دوو هێندەی ئەو ژمارەیەش برینداربوون.