لە کەلار تەقە لە ماڵێک کرا

رووداو دیجیتاڵ 

بەیانیی رۆژی پێنجشەممە لە قەزای کەلاری سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان تەقە لەماڵێک کرا. خاوەنی ماڵەکەش داوای لە بافڵ تاڵەبانی کرد کێشەکەی چارەسەربکات و گوتی، زیاتر لە دوو ساڵە ئەو کێشەیان هەیە و ئەو کەسەی هۆکارە بۆ ئەوان ناسراوە و "کارمەندە لە هێزەکانی 70." 
 
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، ئەو ماڵە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ئەوە سێیەمجارە زیانیان پێدەگات، یەکەمجار لە پێش دەرگای ماڵیان ئۆتۆمبێلیان سووتێندراوە، دووەمجار نارنجۆک فڕێدراوەتە نێو ماڵەکەیان و ئەمڕۆش بۆ سێیەم جار لەلایەن ناسیاوێکی خۆیانەوە تەقەیان لێکراوە. 
 
ریاز تۆفیق، خاوەنی ئەو ماڵەیە کە تەقەی لێکراوە و دانیشتووی گەڕەکی کەلاری کۆنە، رۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی داوای لە بافڵ تاڵەبانی کرد کەسێک رابسپێرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی و گوتی، زیاتر لە دوو ساڵە لە کەلار بەشەو و رۆژ تەقەیان لێدەکرێت، ئۆتۆمبێلی سووتێندراوە، قاچیشی شکێندراوە و کاژێر 6:18 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆش 30 گوللە نراوە بە ماڵەکەیەوە.
 
بە گوتەی ریاز، کێشەکەیان لەسەر راگرتنی ئۆتۆمبێل بووە و لە 19-01-2022ـەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامە. دەشڵێت، "لە 19-11-2023 تاوانباری دووەم حوکمدراوە بە دوو ساڵ و حەوت مانگ، بەڵام تاوەکو ئێستا تاوانباری سەرەکی دەستگیرنەکراوە، نازانم کێ داڵدەی داوە، تاوەکو ئەم خولەکە دادگە کاری خۆی کردووە، بەڵام لە ئێستا بەدواوە داوا لە کاک بافڵ دەکەم کەسێک بۆ کارەکەمان رابسپێرێت." 
 
ئەو هاونیشتمانییەی تەقە لە ماڵەوەی کراوە دەڵێت، "ژیانی خۆم و ماڵ و منداڵم لە مەترسیدایە، لەکاتێکدا هیچ کێشەیەکم لەگەڵ کەسدا نییە و بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بە راگرتنی ئۆتۆمبێل هەبووە و کەسەکە بۆ من ناسراوە کارمەندە لە هێزەکانی 70."
 
رووداو زانیویەتی، ئەو دۆسیەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیانەوە لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت.