بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە قەزای خەبات ئاو چووەتە نێو چەند ماڵێک
15-02-2024
رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، لە قەزای خەبات ئاو چووەتە نێو چەند ماڵێکەوە و لە رێگەی سەرەکیی هەولێر - خەباتیش ئاستی ئاو بەرزبووەتەوە و ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروستکردووە. گوتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی و دهۆکیش دەڵێن، باران هەبووە، بەڵام ئاو نەچووەتە هیچ ماڵێکەوە.
لە دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 14ـی شوباتی 2024، بارانبارین بە رێژەی جیاواز سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. هەر دوێنێ محەممەد کەمال، شارەزایەکی کەشناسی بە رووداوی گوت، ئەو بارانبارینە تاوەکو نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و ئەمڕۆ پێنجشەممە کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت و مەترسی "لافاو" هەیە.
لە قەزای خەبات "ئاو چووەتە نێو ماڵان"
رۆژی پێنجشەممە، 15-02-2024، موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی گوت: "لە قەزای خەبات ئاو چووەتە نێو چەند ماڵێکەوە و بە رێژەی جیاواز زیانی مادیشمان هەبووە، جگە لەوەش هەندێک شوێنی وەکو دارەتوو بەگوێرەی جوگرافیاکەی ئاستی دابارین تێیدا زیاتر بووە، بەڵام هیچ زیانێک نەبووە کە ژووری کۆنترۆڵ و بەرگریی شارستانی لێ ئاگادارکرابێتەوە."
بە گوتەی موقەدەم کاروان میراودەلی، تیمەکانیان تاوەکو ئێستا لە خەباتن و سەرقاڵی پاککردنەوەی ئەو جێگایانەن کە ئاستی ئاوی تێیدا بەرزبووەتەوە. دەشڵێت: "لە هەندێک رێگەوبانیش بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هاتووچۆ زەحمەتر بووە بە نموونە وەکو رێگەی سەرەکی هەولێر-خەبات."
کاروان میراودەلی ئاماژەی بەوەدا، پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ ئەوان زۆر گرنگن، بەگوێرەی ئەو پێشبینییانە بێت بڕیارە ئەمڕۆش بارانێکی بەخوڕ ببارێت، بەڵام بەگشتی تیمەکانیان تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتوو لە ئامادەباشیدا دەبن.
لە سنووری سلێمانی و دەورووبەریشی ئاو نەچووەتە نێو هیچ ماڵێک. رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دوێنێ شەوەوە باران دەبارێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رووداوێکمان نەبووە و تیمەکانمان بۆ هیچ شوێنێک دەرنەچوون."
بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، لە سلێمانی و دەورووبەری ئاو نەچووەتە هیچ ماڵێکەوە و لە هیچ شوێنێکیش ئاستی ئاو بەرزنەبووەتەوە و لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان 42 بنکەیان هەیە و لە هەموو بنکەکان تیم هەن و خراونەتە ئامادەباشییەوە.
لە ئاکرێ ئاو چووە نێو ماڵان
بەهۆى باران بارین و لافاوەوە لە سنوورى قەزاى ئاکرێ ئاو چووە ماڵی سێ هاونیشتمانى و زیانیش بەر چوار ئۆتۆمبێل کەوت.
عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەرى پۆلیسى بەرگریى شارستانى ئاکرێ بە رووداو راگەیاند، هەر لە دوێنێوە تیمەکانیان لە ئامادەباشیدان. شەوی رابردوو لە ئاکرێ ئاو چووە نێو ماڵى سێ هاونیشتیمانى، جگە لەوە لە کۆمەڵگەی چڕە سێ ئۆتۆمبێل گیریان خواردبوو و تیمەکانیان توانیویانە شوفێرەکان رزگار بکەن. هەروەها لە ناحیەی بجیلیش تیمەکانیان ئۆتۆمبێلێکیان لە ناو ئاو دەرهێناوە.
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دهۆک و دەورووبەری ئاو نەچووەتە نێو هیچ ماڵێکەوە و ئاستی ئاو لە هیچ شوێنێکیش بەرزنەبووەتەوە، لە کاتی بوونی هەر رووداوێکیش تیمەکانمان لە ئامادەباشیدان و راستەوخۆ بە هانای هاووڵاتییانەوە دەچن."
لە مێرگەسۆر "ئاو چووەتە باخچەیەکی منداڵان"
رائید رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ بەیانی تەنیا لە قەزای مێرگەسۆر ئاو چووەتە نێو باخچەیەکی منداڵانەوە، بەڵام ئەوەندە زۆر نەبووە کە شایانی باسبێت."
بەگوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوو هیچ رووداوێک بەهۆی بارانبارین رووینەداوە، تەنیا ئەوەی هەبووە دوێنێ چەند پێشمەرگەیەک بەهۆی هەورە بروسکە برینداربوونە.