لە رووها بەهۆی لافاوەوە پردێک و بەنداوێک داڕمان
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچكەی سوێرەگ سەر بە پارێزگای رووها، ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو، بەنداوی بیتک داڕما کە لە قۆناخی دروستکردندایە، هەروەها پردی سەر رێگەی گوندەکانی ئاخشون و هەربیلۆس وێران بووە و رێگەکە داخراوە.
لە دوێنێوە لە پارێزگای رووها بارانێکی زۆر باریوە و لافاو دروستبووە، ئەمەش کێشەی گواستنەوەی دروستکردووە. شەوی رابردوو رێگەی رووها - مێردین بۆ ماوەیەک داخرا.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە بارانێکی بەخوڕ لە شارۆچکەی سوێرەگ دەبارێت، بەو هۆیەوە بەنداوی بیتک داڕما کە لە قۆناخی دروستکردندایە.
گوندنشینانی ناوچەکە دیمەنی بەنداو و رێگە وێرانبووەکەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە. جگە لەوەش پردی سەر رێگەی گوندەکانی ئاخشون و هەربیلۆس وێران بووە.
لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا بە روونی دیارە کە لافاوەکە بەهێز بووە و دیواری بەنداوەکەی رووخاندووە، هەروەها رێگەکانی ناوچەکەش زیانیان پێگەیشتووە.
لە لایەکی دیکەوە لە پارێزگای رووها بەهۆی بارینی بارانی بەخوڕ و روودانی لافاو، ماوەی دوو رۆژە قوتابخانەکان داخراون.