رێگەی هەولێر - خەبات شادەماری بازرگانییە، بەهۆی خراپییەوە شۆفێران بە ترسەوە پێیدا دەڕۆن
رووداو دیجیتاڵ
دەیان چاڵ و تاسە بوونەتە ناونیشانی سەرەکیی رێگەی هەولێر - قەزای خەبات. ژمارەیەک لە چاڵەکانی رێگەکە هێندە قووڵن، کامێرایان تێدا ون دەبێت، بۆیە هەندێکجار ئەنجامی لێدان لە چاڵەکان، تەقینی تایەی ئۆتۆمبێلەکەیە.
ئۆتۆمبێلەکەی محەممەد یەکێکە لە قوربانییانی رێگەی هەولێر - خەبات، ئەو لە ماوەی مانگێکدا دوو جار تایەی ئۆتۆمبێلەکەی تەقیوە.
محەممەد پیشەی کاسبە، دەڵێت: "ئەو تایەی گۆڕیبووم نوێیە، ئەوە لە تاسەم داوە و تایەکە تەقیوە، ناچاریشین، چونکە رۆژانە هاتووچۆی ئێمە لەسەر ئەو رێگەیەیە."
شۆفێران ئەگەر تایەی کۆن بکڕن تاوەکو 40 هەزار دیناری تێدەچێت، ئەگەر تایەی نوێش بکڕن، تاوەکو 80 هەزاریان دەڕوات. محەممەد دەڵێت، "من تایەی پێشەوەم تەقیوە، تایەی پێشەوە هاوسەنگیی ئۆتۆمبێلە، کە ئۆتۆمبێل هاوسەنگیی نەما، ژیانی ئێمەش هاوسەنگیی نامێنێت و دەکەوێتە مەترسییەوە."
دۆخی رێگەکە و تەقینی تایەی ئۆتۆمبێلەکان، وایکردووە کاری پەنچەرچییەکانی سەر رێگەکە تاوەکو دوای نیوەشە و بەردەوام بێت.
حوسێن لوقمان، پەنچەرچییە، دەڵێت: "رۆژانە 10 بۆ 15 ئۆتۆمبێل دەهێندرێنە لای ئێمە، ئینجا هەیە پارەی نییە و مووچەی وەرنەگرتووە، داوا دەکات هەرچۆنێک بێت تایەکەی بۆ چارەسەر بکەین، تاسەی وای تێدایە زۆر مەترسیدارە، بەخوا شۆفێرێک هاتەلامان، گوتی خوا منی گەڕاندووەتەوە."
هەر شۆفێرێکمان دەدواند، هاواری بوو بۆ چاککردنی تاسە و چاڵەکان رێگەکە، ئەو رێگەیەی یەکێک لە شۆفێرەکان بە پەیژە ناوی برد. دیار سابیر، ناوی ئەو شۆفێرەیە و پیشەی کاسبە، دەڵێت، "لە کانی قرژاڵەوە تاوەکو دەگەیتە نێو هەولێر، رێگەکە دەڵێی قادرمەیە و دەڵێی لە قادرمە دێینە خوارەوە، هەر هیچ نەبێت بە پارەی ئەو کامێرانەی دانراون رێگەکە چاکبکرێتەوە."
زیاتر لە پێنج کیلۆمەتری رێگەکە بە هەردوو سایدیەوە، خەریکە بە کەڵکی بەکارهێنان نامێنێت، پلان هەیە ئەم ساڵ رێگەکە نۆژەن و قیرتاو بکرێتەوە.
عیماد محەممەدئەمین، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر، "رێگەیەکی دوو سایدە و شادەماری گواستنەوەی بازرگانی و کشتوکاڵییە، ئەگەر کێشەی بودجە چارەسەر نەکرێت، لە رێگەی پارێزگا و بە بودجەی دیکە ئەو بەشەی ماوە چاکبکرێت."
رێگەی هەولێر تاوەکو خەبات نزیکەی 30 کیلۆمەترە، رێگەیەکی سەرەکیی بازرگانییە و هەولێر بە پارێزگەکانی نەینەوا و دهۆک تاوەکو سنوورەکانی تورکیا و سووریا دەبەستێتەوە.
بە گوێرەی رووپێوییەکی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر، لە نزیکەی شەش هەزار کیلۆمەتر رێگەی سەرەکی لە سنووری پارێزگای هەولێر، نزیکەی 90٪ـی رێگەکان پێویستیان بە چاککردنەوەیە.