چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان: پارێزەران پێنجشەممە دەتوانن سێ حوکمدراوەکەی بادینان ببینن
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان دەڵێت، سەردانی چاکسازیی هەولێریان کردووە و رێگەیان پێنەداون سێ لە گیراوانی بادینان ببینن. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "خۆیان داوای بینینی دوو کەسیان کردووە، ئەگینا هیچ گرفتێک نییە و سبەی دەتوانن سەردانی چاکسازی بکەن و ئەو سێ چالاکوانە ببینن."
رۆژی چوارشەممە 15-2-2023، بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی حوکمدراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ سەردانی چاکسازیی هەولێرمان کرد بۆ بینینی هەریەک لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، گوهدار زێباری و هەریوان عیسا، بەڵام رێگەیان پێداین سێ کەسیان ببینین."
بەگوتەی بەشدار حەسەن، رێگە نەدراوە هەریەک لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم ببینن.
دادگەی تاوانی هەولێر رۆژی 16-2-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەکە لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار حەمەدەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا. مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان جگە لە شێروان شێروانی کە 50٪ بوو کەمکرایەوە و بڕیارە مانگی ئاداری ئەمساڵ ئازادبکرێن.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بینینی چالاکوانانی بادینان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ درەنگێک کە دەوام خەریکبوو تەواو دەبوو، سەردانی چاکسازیی هەولێریان کردووە. ئەوان سەرەتا داوای بینینی دوو کەسیان کرد و هەردووکیان بینی، بەڵام دواتر داوای بینینی سێ کەسی دیکەیان کرد و ئەوانیش هەریەکەیان لە هۆڵێکن و کات نەما. سەرەتاش داوایان نەکرد ئەو سێ کەسە ببینن و بۆیە نەیانتوانی بیانبینن."
ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتیشی: "ئاگاداری پارێزەری چالاکوانان کراوەتەوە کە ئەگەر دەیانەوێت، سبەی پێنجشەممە دەتوانن ئەو سێ چالاکوانانە ببینن کە دوێنێ نەیانتوانیوە بیانبینن، چونکە هیچ گرفتێک نییە و بینینیان ئاساییە."