میدیای فەرمیی تورکیا: بەرپرسێکی پەکەکە لە پێنجوێن کرایە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمی تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەواڵێکی بەپەلەدا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگریدا لە سنووری پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، بەرپرسێكی پەکەکە بە ناوی ئیسلام دوتکانلو لەگەڵ پاسەوانەکەی کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
میدیای فەرمیی تورکیا بە پشتبەستن بە سەرچاوە فەرمییەکانی هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە، هێرشەکە کەی کراوە و وردەکارییەکانی نەخراوەتەڕوو.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، دەزگای هەواڵگریی تورکیا لە رێگەی تۆڕی سیخوڕیی تایبەت بە خۆی شوێنی ئیسلام دوتکانلو و ئاکام شاهی دەستنیشان کردووە و لەسەر ئەو بنچینەیە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنجامداوە.
بە گوێرەی ئاژانسی فەرمیی تورکیا، ئیسلام دوتکانلو یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) و ئاکام شاهی ناسراو بە شڤان چیا، پاسەوانی بووە و ماوەیەک لە ئێران و جۆلەمێرگ بووە.