پۆلیسی هەڵەبجە: دوو برامان بە تۆمەتی بردنی بگۆڕی کارەبای گوندێک دەستگیر کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەڵەبجە دەڵێت، "لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە دوو تۆمەتبارمان بە تۆمەتی بردنی بگۆڕی کارەبا دەستگیر کرد."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-01-2025 ئاکام محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "هاونیشتمانییەک سکاڵای لە نەمانی بگۆڕی کارەبای گوندەکەیان تۆمارکرد. پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەستبەجێ دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد."
 
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە، "دوو برا بگۆڕەکەیان لە گوندی دەرەشیشی خواروو بردبوو، ئەوەشیان بە دوو جار کردبوو. جاری یەکەم بورغووی محاویلەکەیان شل کردبوو و جاری دووەم بە شەو بردبوویان."
 
هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەڵەبجە لەو بارەوە گوتی، "دوای بەدواداچوون و وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەڵەبجە، دوو تۆمەتبارمان بە ناوەکانی (س. ح. م.) لەدایکبووی 1993 کە خێزانداریشە، لەگەڵ (ژ. ح. م.) لەدایکبووی 2001 دەستگیر کرد."
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەڵەبجە ئەوەی خستەڕوو، "دوو تۆمەتبارەکە بگۆڕی کارەبای گوندەکەیان بردووە. ناوەوەی بگۆڕەکەیان دەرهێناوە و بە 750 هەزار فرۆشتوویانە. بگۆڕەکە خۆی بایی 2000 دۆلارە و کارەبای گوندێک دابین دەکات."
 
بە گوتەی ئاکام محەممەد، "ئەو دوو برایە دانیشتووی هەڵەبجەن و بە هاوکاریی ئاسایشی شارەزوور دەستگیر کراون. تۆمەتباران لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن."