پێشبینییەکانی کەشناسی؛ کەشناسێک دەڵێت هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەبێت و سبەی سێشەممەش بەگشتی نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت. شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت، تاوەکو 22ی ئەم مانگە کەشوهەوا جێگیرە و باران نابارێت، بەڵام لە 23ی مانگەوە شەپۆلێکی باران و بەفربارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
رۆژی دووشەممە 15-01-2024 بەشی کەشناسیی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڵاویکردەوە، بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەبێت، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بوونی کەمێک نمەباران و پرووشکە بەفری پچڕپچڕ بۆ ماوەیەکی کەم لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما ئەمڕۆ 1 بۆ 2 پلە بەرز دەبێتەوە.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی سێشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئاسمان بەگشتی نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووریش ئەگەری کەمێک نمەباران و پرووشکە بەفر هەیە، پلەی گەرماش نزیکدەبێتەوە لە تۆمارەکانی ئەمڕۆ.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەمڕۆوە تاوەکو 22ی ئەم مانگە کەشوهەوا جێگیر دەبێت و هیچ پێشبینییەکی بارانبارین ناکرێت، بەڵام لە 23ی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی باران و بەفربارین روو لە سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەکات."
ئەو شارەزایەی کەشناسی گوتیشی، "شەپۆلی بارانبارینی 23ی مانگ پێشبینیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاویشی لێ دەکرێت، تەنانەت بەفرێکی باش دەبارێت و رەنگە بەفر بگاتە سەنتەری شاری سلێمانیش."
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی سێشەممە بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 13 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 11 پلەى سیلیزى
دهۆک: 10 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 14 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 12 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 11 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 17 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 4 پلەى سیلیزى
سۆران: 10 پلەى سیلیزى