کۆچی گەنجانی دەربەندیخان بۆ ئەوروپا زیادیکردووە: کۆڵانی وا هەیە 10 بۆ 12 خانووی بۆ فرۆشتن تێدایە
رووداو - دەربەندیخان
لە دەربەندیخان کۆچکردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات زیادیکردووە و لە چوار مانگی رابردوودا زیاتر لە 300 کەس قەزاکەیان جێهێشتووە. پیاوێک خێزانەکەی لە پێنج ئەندام پێکدێت و بەنیازن خانووەکەیان بفرۆشن و بچنە بەریتانیا، دەڵێت، برایەکی لەوێیە و دەچێتە لای ئەو.
سۆران ئەحمد، دووکاندار دەڵێت، "هەموو کار و کەسپییەکە ئەوەیە خانوویەک، زەوییەک یان شتێکت هەبێت بیفرۆشیت و بڕۆی، ئەمە بووەتە پرۆژە لە دەربەندیخان، بە حوکمی نەدانی مووچە کاسپی نییە؛ وای لێدێت ئەم مووچە، وەکو ئەم تەسبیحە وایە، ئەم ئیمامەی لێبکەرەوە هەمووی بەدوای یەکدا دەڕوات، کە تۆ مووچەت نەدا، وەکو ئەم تەسبیحە هەمووی کاری پێویستە، هەمووی بێ ئیشە و بە حوکمی ئەوە دەمانەوێت لەڕاستیدا بڕۆین بۆ هەندەران."
هەڵگورد عومەر هەشت ساڵە لە دەربەندیخان چاییچییە و دەڵێت، پێشتر زیاتر لە 15 گەنج رۆژانە لای ئەو چایان دەخواردەوە، ئێستا ئەوان لە ئەوروپان، دووکانەکەی پێشتر 30 مەتر بووە و بەهۆی کۆچی گەنجانەوە بازاڕ کز بووە و بۆ نیو ئەوەندە بچووکی کردووەتەوە.
نەبوونی کار، دانەمەزراندن، چاولێکەری و کۆچ لەپێناو گەیشتن بە ژیانێکی باشتر لەو هۆکارانەن کە خەڵک دەربەندیخان جێدەهێڵن و بۆ ئەوروپا کۆچ دەکەن.
لەبارەی هۆکارەکانی کۆچکردنەوە کەریم عەلی، خانەنشین باسی لەوە کرد، هەلی کار زۆر لاوازە، "عەقڵی ئەمڕۆم 20 ساڵ پێش ئێستا ئیشی بکردایە وەکو ئەمڕۆ، هەر پێنج و شەش و حەوتمان دەڕۆیشتین بۆ ئەوروپا و لەوێ لانیکەم هەر هیچ نەبێت داهاتوویەکمان دەبوو، شتێکمان بۆ پاشەڕۆژی خۆمان پەیدا دەکرد."
دڵشاد سۆڵەیی، سەرپەرشتیاری گرووپی دڵسۆزانی دەربەندیخان، کە کار لەسەر کێشەکانی قەزاکە دەکات، دەڵێت، لە ماوەی کەمتر لە چوار مانگدا 334 کەس لە دەربەندیخانەوە کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە.
بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئەو گرووپە دۆخەکە وای لێهاتووە، کۆڵانی وا هەیە لە دەربەندیخان 10 بۆ 12 خانووی تێدایە بۆ فرۆشتن، "لە شوێنێک ریزێک دووکانی تێدایە، کابرا 50 دەفتە دۆلاری تێدا خەرج کردووە، ئێستا دووکانی 200 هەزار ناکات، لەبەر ئەوەی کەس نییە ئیشی تێدا بکات. ئەوەی پارەی هەیە، لێرە خەرجی ناکات و بۆ ئەوروپا دەروات."