کارمەند و فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی کفری بایکۆتی دەوامیان کرد
رووداو - گەرمیان
بەهۆی خەرجنەکردنی مووچەکانیانەوە، کارمەند و فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی گشتیی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری بایکۆتی دەوامیان کرد.
سامان سەرتیپ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری، ئەمڕۆ 15-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی لە رۆژی هەینییەوە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو بایکۆتی دەوامیان کرد، بەشی فریاکەوتن بەبێ پزیشک مایەوە، ئەمڕۆ فەرمانبەران و کارمەندانی دیکەش بایکۆتی دەوامیان کرد و داوای مووچەکەنیان دەکەن."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "17 کارمەندمان لە بەشی فریاکەوتن دەوامیان دەکرد، ئێستا تەنها سێ کارمەند دەوام دەکەن، ئەوانیش کەیسە زۆر گەرمەکان دەبینن."
سامان سەرتیپ بە مافی فەرمانبەرانی دەزانێت کە داوای مافی خۆیان دەکەن و دەشڵێت، "لەگەڵ ئەوەشدا داوامان کردووە هەندێک خزمەتگوزاریی پێویست هەیە بەردەوام بێت، چونکە دۆخی کفری جیایە و وەکو شوێنەکانی دیکە نییە، نەخۆشخانەی تایبەتی تێدا نییە کە هاووڵاتی لە نەبوونی نەخۆشخانەی حکومیدا بۆ حاڵەتە پێویستەکان رووی تێبکات."
بە گوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، دوای ئەوەی لەگەڵ کارمەندەکانی نەخۆشخانەکە کۆبووەتەوە، کارمەندەکان گوتوویانە، "تاوەکو رۆژی یەکشەممە دەوام ناکەین."