دووەم بەرمیل نەوت بەسەر ناوچە شاخاوییەکانی سنووری سلێمانی دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی سێشەممە 16ی کانوونی دووەم، لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەست بە دابەشکردنی دووەم بەرمیلی نەوت بکرێت، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە 200 لیتر بێت، 103 هەزار و 500 دینار لە هاونیشتمانییان وەردەگرێت، کە 3500 دیناری بۆ کرێی گواستنەوەیە و ئەوە دابەشکراوە. رۆژی 20-12-2023یش ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێدانی نەوتی ماڵانی بە هەرێمی کوردستان بۆ چوار مانگ بە بڕی 50 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک پەسند کرد.
ئەو نەوتەی ئێستا لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، نەوتەکەی حکومەتی عێراقە، کە لە قۆناخی یەکەمدا 50 ملیۆن لیتر نەوت دەنێرێت و پشکی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین 21 ملیۆن لیترە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کە رۆژی دووشەممە 15-01-2024 لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی وەریگرتووە، لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان 17 تانکەر نەوتی لەو نەوتەی حکومەتی عێراق بۆ ناردوون، کە نزیکەی 600 هەزار لیتر نەوتە.
بڕیارە ئەمڕۆش 15 تانکەری دیکە نەوتیان بۆ بنێردرێت و بەوەش بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی نزیکەی یەک ملیۆن لیتری لەبەردەست دەبێت و سبەی سێشەممە لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەست بە دابەشکردنی دووەم بەرمیلی نەوت دەکرێت.
بڕیارە سبەی هەر خێزانێک لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی 200 ملیۆن لیتر نەوت بە 60 هەزار دینار وەربگرێت؛ هۆکاری زیادبوونی پارەکەش لە 50 هەزار بۆ 60 هەزار دینار گەڕێندراوەتەوە بۆ تێچوو و کرێی گواستنەوەی.
9ی ئەم مانگە نەوتی حکومەتی عێراق لە قەزای چۆمان دەست بە دابەشکردنی کرا و بەوەش دانیشتووانی ئەو قەزایە بۆ ئەم ساڵ دوو جار نەوتیان وەرگرت، بەڵام لەبری وەرگرتنی 200 لیتر نەوتی حکومەتی عێراق، هەر خێزانێک 100 لیتری بە 31 هەزار دینار وەرگرت.
دابەشکردنی 100 لیتر نەوتەکە بەسەر ناوچە شاخاوییەکان لە کاتێکدایە، رۆژی 4ی ئەم مانگە ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر بە رووداوی گوت، وەزارەت دەسەڵاتی بە پارێزگاکان داوە بۆئەوەی هەریەک بەگوێرەی دۆخی پارێزگاکەی، دەست بە دابەشکردنی نەوت بکات و "دەمانەوێت زۆرترین خێزان لێی سوودمەند بێت."
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی 2023 دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و ئێستاش لە سەنتەری شارەکان دابەشکردن بەردەوامە. رۆژی یەکشەممە 14ـی ئەم مانگە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەبارەی دابەشکردنی نەوت رایگەیاند، نزیکەی 255 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر نزیکەی یەک ملیۆن و 120 هەزار خێزان دابەشکردووە.