مستەفا چاوڕەش بۆ رووداو: دۆخی نێوخۆی یەکێتی ئارامە و هیچ گرژییەك نییە
رووداو - سلێمانی
بەرپرسی یەكەی 70ـی هێزی پێشمەرگە دەڵێت، دۆخی نێوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاساییە و هیچ ئاڵۆزییەك نییە.
مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەكەی 70ـی هێزی پێشمەرگە رۆژی یەکشەممە، 15-1-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی لەسەر دۆخی نێوخۆی یەكێتی باس دەكرێت كە ئاڵۆزە، بە هیچ جۆرێك شتی وا نییە. من بەرپرسیارییەتیم هەیە و لە خۆمەوە قسە ناكەم. ئەوەی دەگوترێت دۆخی نێوخۆی یەكێتی ئاڵۆزە بەهیچ جۆرێك وا نییە".
لەبارەی ئەو قسەیەی ئاراس شێخ جەنگی كە گوتبووی: "دۆخی نێوخۆی یەكێتی ئاڵۆزە و ئەگەر لە ماوەی 48 كاژێردا دۆخەکە یەكلایی نەكرێتەوە، رەنگە بە چەك یەكلایی بكرێتەوە." مستەفا چاوڕەش باسی لەوە كرد کە ئەو لێدوان لەسەر قسەی هیچ كەسێك نادات، بەڵام گوتیشی: "ئاڵۆزی لەنێو یەكێتی راست نییە".
رۆژی شەممە، 14-01-2023، ئاراس شێخ جەنگی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆخی نێوخۆی یەكێتی ئاڵۆزە و پێویستە یەكلایی بكرێتەوە، ئەگەر نا لەماوەی 48 كاژێردا بە چەك یەكلایی دەكرێتەوە."
ئاراس شێخ جەنگی باسی لەوەش كرد کە "سلێمانی بە دۆخێكی سیاسیی خراپدا تێدەپەڕێت و ئەوانەی ئێستا سلێمانی بەڕێوەدەبەن دوورن لە رێبازەكەی مام جەلال. لە دوای شەڕی هەكارییەوە یەكەمجارە سلێمانی دۆخی وا خراپ بەخۆیەوە ببینێت."
رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەكانی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زەقبوونەوە، دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی ئەوكاتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێكەوتەوە و دواتر پەیوەندییەكانیان گرژتربوون، تاوەكو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووز مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەسەڵاتەكانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەكو هاوسەرۆك وەرگرتەوە.
رۆژی 02-11-2021، بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی ئەوكاتی یەكێتی، ئاراس شێخ جەنگی بۆ ماوەی شەش مانگ لە كارەكەی سڕكرا، بەڵام دواتر سزاكەی سەری لادرا.