دایکێک لە قەڵادزێ 17 ساڵە چاوەڕێی گەڕانەوەی کوڕە بێسەروشوێنبووەکەی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
جگە لەوەی لە سووریا خەڵكێکی زۆر بەدوای کەسوکارە زیندانی و بێسەروشوێنبووەکانیاندا دەگەڕێن، لە هەرێمی کوردستانیش لەدوای ئازادکردنی زیندانیانی گرتووخانەی سیدنایا، بەشێک لە هاونیشتمانییان دەیانەوێت بزانن رۆڵەکانی ئەوانیش کە چەندین ساڵە بێسەروشوێنن، ماون یاخود لەژێر ئەشکەنجدا مردوون.
جەوهەر عەباس سلێمان، یەكێکە لەو هاونیشتمانییانەی کە دانیشتووی گەڕەکی ئیمام قاسم بوو لە قەڵادزێ لە سنووری راپەڕین، ماوەی 17 ساڵە بێسەروشوێنە و کەسوکارەکەی لە رێگەی رووداوەوە دەیانەوێت چارەنووسی بزانن.
بایز عەباس، برای ئەو هاونیشتمانییەیە، بە رووداوی راگەیاند، "براکەم لە کاژێر پێنجی ئێوارەی رۆژی 2.12.2007 لە ماڵ چووەتەدەرەوە و تائێستا هیچ سۆراخێکی نازانین."
جەوهەر لەدایکبووی ساڵی 1977ـە و دانیشتووی قەڵادزێ بوو، براکەی دەڵێت: "ئەو کەسێکی بێ کێشە بوو، هەرگیز حیزبایەتی نەکردووە و پەیوەندی لەگەڵ هیچ کەسێک ناخۆش نەبوو، خۆشمان تائێستا شۆکین کە ئاخۆ چی لێهاتووە."
ئەو ئاماژە بەوەش دەدات، دوای ئەوەی هەواڵی ئازادکردنی زیندانییانی گرتووخانەی سیدنایای بیستووە، هەموو کەسوکارەکەی وێڵن بەدوای ئەوەدا کە سەرەداوێکیان لەسەری هەبێت، دەشڵێت "دیمەنەکانی بەندینخانەی سیدنایا لە سووریا زۆر ناخهەژێنن، بەڵام هێشتا ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە سۆراخی براکەمان بزانین."
بەگوتەی براکەی، لەکاتی بێسەروشوێنبوونی جەوهەری برای، لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە هێزە ئەمنییەکان و "تەنانەت سەرۆکی حکومەتی ئەوکات کە بەرهەم ساڵح بووە، ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام ئەوانیش نە بەزیندوویی نە بە مردوویی هیچ زانیارییەکیان لەبارەی جەوهەری برامەوە پێ رانەگەیاندووین."
دایکی جەوهەر: ئێستاش چاوەڕێی دەکەم
فات حەسەن رەسوول کە دەکاتە دایکی جەوهەر عەباس، بە رووداوی گوت، هێشتا بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی دیدارێکی کوڕەکەی دەکات و دەڵێت "هەموو رۆژێک بۆ من مردنێکە، ئەو کوڕی گەورەمە و لە هەموو منداڵەکانم زیاتر هۆگری من بوو، خۆشەویستییەکی زۆرم بۆی هەیە و داوا لە خوای گەورە دەکەم کە بەدیداری جەوهەر شادم بکاتەوە."
دایکی بەچاوی پڕفرمێسکەوە، لەدوای ئەوەی زیندانییەکی زۆر لە گرتووخانەی سیدنایا ئازادکراون، داوایکرد "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جیدی بدات بۆ کەسانی وەکو من کە رۆڵەکانیان تائێستا بێسەروشوێنن."
کەیسی بێسەروشوێنبوونی جەوهەر لە دادگەیە، برای گوتیشی، "لەکاتی بزربوونی جەوهەر هەموولایەنە پەیوەندارەکانمان لێ ئاگادارکردنەوە و تاوەکو ئێستاش کەیسەکەی لە دادگەیە."
"گومان دەکرا کە براکەم لەنێو پەکەکە بێت"
بایز عەباس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "دوای سێ ساڵ لە بزربوونی جەوهەر، کەسێک کە لەنێو پەکەکە گەڕایەوە پێیگوتین کە جەوهەری برامان لەنێو ریزەکانی پەکەکەیە و ناوی (بەرخودان قەڵادزێیە) و پلەی (قۆیتان)ی لەنێو پەکەکە پێدراوە، بەڵام ئێمە خۆمان چەندین جار سەردانی پەکەکەمان کرد، ئامادەنەبوون هیچ زانیارییەکمان پێبدەن، تائێستاش وەکو شتێکی گوماناوی ماوەتەوە."
کەسوکاری جەوهەر عەباس داوا لە هەرکەس و بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان و لایەنی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە دەکەن کە سۆراخێکیان هەبوو ئەوانی لێ ئاگادار بکەنەوە.