فێستیڤاڵی ئاشتی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ
 
فێستیڤاڵێکی ئەدەبی، کولتووری و کاری دەستی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و  10 رۆژ بەردەوام دەبێت. جگە لە پێشانگەی کتێب، سیمینار بۆ كەسانی شارەزا ساز دەکرێن.
 
پێنجشەممە 14-12-2023 ئاشتی شێرکۆ، رێکخەری فێستیڤاڵەکە بە رووداوی راگەیاند، "فێستیڤاڵی ئاشتی، فێستیڤاڵێکی هەمەڕەنگ و چالاکییەکی جیاوازە. دەمانەوێت هەموو هونەرەکان پێکەوە کۆ بکەینەوە و ئیش لەسەر جیاوازییەکان بکەین. کتێب و كاری هونەری، مۆسیقا و گۆرانی، فێستیڤاڵەکە رازاوەتر دەکەن".
 
ئاشتی شێرکۆ دەڵێت، “فێستیڤاڵەکە لەنێو هۆڵی میدیای شاری هەولێر دەبێت، کتێبەکانی بەشداربووانی ئەم فێستیڤاڵە 20% تاوەکو 40% داشکانیان بۆ دەکرێت. هاوكات جگە لە كتێب، كاری دەستی و كاری هونەریشی تێدایە. چەند كۆڕ و سمینارێكیش بۆ كەسانی شارەزا ساز سازدەکرێن".
 
ئاشتی شێرکۆ لەبارەی کات و شوێنی فێستیڤاڵەکەوە، بە رووداوی گوت، "فێستیڤاڵەکە لە 21 تا 30-12-2023  لە هۆڵی میدیای شاری هەولێرە، رۆژانە کاژێر 9ی بەیانی تاوەکو 6ی ئێوارە بەڕێوەدەچێت. ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت".
 
بە گوتەی رێکخەری فێستیڤاڵەکە، ئەمە دووەمین فێستیڤاڵی لەو جۆرەیە و یەکەمین لە ساڵی 2021 بەڕێوەچوو و گوتی، "ساڵی 2021 یەکەمین فێستیڤاڵمان بەڕێوەبرد، حکومەت هۆڵی پێداوین و بانگهێشتنامەمان بۆ وەشانخانە و نووسەرانیش ناردووە".