سێ هەزار خانەنشینی سەربازی بەهۆی هاوتاکردنەوە مووچەکانیان کەم دەکات
رووداو دیجیتاڵ
خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی لە سەنتەری خانەنشینان لە هەولێر رۆژانە بەیەکەوە کۆدەبنەوە. مەدەنییەکان مووچەکانیان لەگەڵ بەغدا هاوتاکراوە و ئێستا زیاتر وەردەگرن، بەڵام سەربازییەکان چاوەڕێی هەواڵە خۆشەکەن و هەروا ماونەتەوە.
مام عەزیزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، لە چوارچێوەی خانەنشینانی سەربازی 350 هەزار دینار مووچەکەیەتی، ئەو چاوەڕوانی هاوتاکردنەکەیە، بۆ ئەوەی بە وەرگرتنی 600 هەزار دینار و زیاتر، باخەڵی گەرمتربێت و گۆڕانکاری بەسەر ژیانی دوای 75 ساڵیدا بێت.
عەزیز سەعید، خانەنشینی پێشمەرگە بە رووداوی گوت "150 (هەزار) دینار بەشی کرێی خانووەکەم ناکات. ئایا من کە خاوەن ماڵ و منداڵم، چی بخۆم؟ چی بدەمە کرێی خانوو؟ من، کارم پێ ناکرێت و سەقەت بووم، ئەگەر مووچەکەم زیاد بێت وەک ئەو برایانەی فەرمانبەر بوون و خانەنشین بوون، سوپاسیان دەکەم، ژیانمان خۆش دەبێت."
بەپێی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقی ساڵی 2014 جێبەجێ بکات، بەمەش هەموو خانەنشینان مووچەکانیان هاوتادەکرێت.
ئەوانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراون، مووچەیان لە 200 هەزار تاوەکو 499 هەزار بێت، دەبێتە 600 هەزار دینار، ئەوانەشی مووچەیان لە 600 بۆ 999 هەزار دینارە، 100 هەزاری پاڵپشتیان بۆ زیاد دەکرێت.
هێشتا خانەنشینانی سەربازی مووچەکانیان هاوتا نەکراوە، بە هۆکاری ئەوەی زیاتر لە سێ هەزار خانەنشینی سەربازی ئەفسەرانی باڵا، کە مووچەکانیان لەنێوان ملیۆنێک و 500 بۆ چوار ملیۆن و 500 هەزار دینارە کێشەی سەرەکین، چونکە بەهۆی هاوتاکردنەکەوە مووچەکانیان کەمدەکات. بۆیە ئێستا بەغدا وردبینی لە دۆسییەکانیان دەکات، تاوەکو کێشەکەش یەکلایی نەکرێتەوە، مووچەی خانەنشینیی سەربازی هاوتاناکرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت "مووچەی ئەمانە دەبێت وەکو یەکی لێ بکرێت؛ فەرمانبەر، هێزە ئەمنییەکان و چاودێریی کۆمەڵایەتی و هێزە ئەمنییەکان... چارەسەرەکە لەدەست هەرێمی کوردستانە، هەرکاتێک بایۆمەتری کرد و داتاکانی رادەست کرد، کێشەکە چارەسەر دەکرێت."
بەگوێرەی داتای خانەنشینیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە خانەنشینانی شۆڕشی ئەیلوولەوە، نزیکەی 120 هەزار خانەنشینی سەربازی لە هەرێمی کوردستان هەن.