وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا بۆ رووداو: یەکخستنەوەی پێشمەرگە پێویستی بە وەبەرهێنانی درێژخایەنە
رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی هەوڵەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا بە رووداوی راگەیاند، "بەرەوپێشچوونی هەنگاو بە هەنگاو هەیە" و "چاکسازیی کەرتی ئەمنی هێشتاش پڕۆسەیەکی زەحمەتە کە پێویستی بە وەبەرهێنانی درێژخایەن و بەردەوامبوون بۆ بەدەستهێنانی ئەنجام هەیە."
ئەلێکس کرانێنبێرگ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی رووداودا دەڵێت، "چەند فاکتەر و دۆخی جیاجیا کاریگەرییان لەسەر ئەنجامەکان"ی چاکسازییەکانی کەرتی ئەمنیی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ نموونە "دۆخی زەحمەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی؛ رادەی توانای خۆگونجاندنی دامودەزگە کوردییەکان و پێشهاتە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە. هەموو ئەوانە لەو فاکتەرانەن کە پڕۆسەکە زەحمەت دەکەن."
گوتەبێژەکە هەروەها وێنەیەکی نەخشەی دابەشبوونی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەکەدا بۆ رووداو ناردووە کە پێشانی دەدات، لەم کاتەدا:
شەش راوێژکار و پێنج سەربازی هۆڵەندی لە هەولێر و دەوروبەری هەن؛ هەروەها لە بەغدا 35 راوێژکار و چوار پۆلیسی هەن، بەڵام لە یەکەم رۆژی ساڵی 2024ەوە 145 سەربازی دیکەی هۆڵەندی دەگەنە پایتەختی عێراق.
لە 1ی ئایاری هەمان ساڵیشەوە فەرماندەیەکی هۆڵەندی بە ستافێکی 15 کەسییەوە بۆ گرتنەدەستی فەرماندەیی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق، دەنێردرێنە بەغدا.
هەروەها لە 1ی ئایاری ساڵی داهاتووەوە سێ هێلیکۆپتەری گواستنەوە لە جۆری چینووک بە 120 سەربازەوە لە بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار جێگیر دەکرێن بۆ ئەوەی یارمەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزەکانی ناتۆ بدەن.
لەبارەی رۆڵی هێزی سەربازیی وڵاتەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەلێکس کرانێنبێرگ بە رووداوی گوت، " هۆڵەندا ماوەی چەندین ساڵە بەشداری لە سەلامەتی و ئاساییشی عێراقدا دەکات. لەڕێگەی پشتیوانیکردنی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵی [عێراق] لە بەغدا و دەوروبەری؛ هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە لە هەولێر و دەوروبەری ئەو کارەمان کردووە و هێشتاش لێی بەردەوامین."
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، لە کانوونی دووەمی 2021ـەوە 125 سەربازی هۆلەندی لە هەولێر بوون بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شارەکە کە 30ی نیسانی ئەمساڵ ئەرکەکەیان کۆتاییهات و هێزێکی ئیستۆنیا شوێنیان گرتەوە.
سەبارەت بە ئەرکەکانی دیکەی هێزەکانی هۆڵەندا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە بۆ رووداوی نووسیوە، "لە ساتی دەستپێکردنی هاوپەیمانیی [نێودەوڵەتیی] دژی داعشەوە، نەک تەنیا لەڕێگەی فڕۆکە جەنگییەوە ئێف شازدەکانەوە داعشمان راستەوخۆ کردووەتە ئامانج، بەڵکو هەروەها لە رێگەی دەستپێشخەرییەکانی بونیادنانی تواناکانەوە لە هەولێر و دەوروبەری، بەشداریمان لە ئەرکی هاوپەیمانییەکەدا کردووە،" گوتیشی، "هێزە هۆڵەندییەکان مەشق و راهێنانیان بە هێزە کوردی و عێراقییەکان کردووە بۆ ئەوەی شەڕی داعش بکەن. ئەم ئەرکە لە راهێنانی شەڕی پیادەوە دەستیپێکرد و دواتر گۆڕدرا بۆ راهێنانی سەرکردایەتی و مەشقپێکردنی راهێنەرە عێراقی و کوردییەکان."
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە هۆڵەندا چۆن هەڕەشەی داعش بۆ سەر ناوچەکە هەڵدەسەنگێنێت، کرانێنبێرگ ئاماژەی بە راپۆرتێکی وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا کرد کە لە تەممووزی ئەمساڵ پێشكێشی پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە و تێیدا باس لەوە کراوە، رێکخراوە پەڕگیرەکە لە عێراق و سووریا "بە شێوەیەکی گەورە" لاواز بووە، توانای کۆنترۆڵکردنی خاک و دانیشتووانی نەماوە و ناتوانێت چەکدارە بەندکراوەکانیشی ئازاد بکات.
ئەمەی خوارەوە دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و ئەلێکس کرانێنبێرگ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندایە:
رووداو: هێزەکانی هۆڵەندا چۆن یارمەتیی عێراق دەدەن؟ ئایا هێزەکانتان راهێنان و راوێژ تەنیا بە هێزە عێراقییەکانی ژێر چەتری وەزارەتی بەرگریی فیدراڵیی عێراق دەدەن یان بە پێشمەرگەی کوردستانیش؟ هەروەها وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا چ رۆڵێکی لە هەوڵەکانی چاکسازیی نێو وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە؟
ئەلێکس کرانێنبێرگ: هۆڵەندا ماوەی چەندین ساڵە بەشداری لە (دابینکردن)ی سەلامەتی و ئاسایشی عێراقدا دەکات. لە رێگەی پشتیوانیکردنی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵی [عێراق] لە بەغدا و دەوروبەری و هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە لە هەولێر و دەوروبەری ئەو کارەمان کردووە و هێشتاش لێی بەردەوامین. لە ساتی دەستپێکردنی هاوپەیمانیی [نێودەوڵەتیی] دژی داعشەوە، نەک تەنیا لە رێگەی فڕۆکە جەنگییە ئێف شازدەکانەوە داعشمان راستەوخۆ کردووەتە ئامانج، بەڵکو هەروەها لە رێگەی دەستپێشخەرییەکانی بونیادنانی تواناکانەوە لە هەولێر و دەوروبەری، بەشداریمان لە ئەرکی هاوپەیمانییەکەدا کردووە. ئێمە لە ئەرکی بونیادنانی تواناکانی عێراقدا لە بەغدا و هەولێر بەشداربووین. هێزە هۆڵەندییەکان مەشق و راهێنانیان بە هێزە کوردی و عێراقییەکان کردووە بۆ ئەوەی شەڕی داعش بکەن. ئەم ئەرکە لە راهێنانی شەڕی پیادەوە دەستیپێکرد و دواتر گۆڕا بۆ راهێنانی سەرکردایەتی و راهێنانی راهێنەرە عێراقی و کوردییەکان. راوێژکارە سەربازی و سڤیلەکانی هۆڵەندا لەسەر ئەم پرسانە راوێژیان بە دامودەزگە خۆجێییەکان داوە و بەردەوامیش دەبن. هەروەها لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، یەکەیەکی پاراستنمان هەبووە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆئەوەی لەگەڵ هێزە ئەمریکی و کوردییەکان فڕۆکەخانەکە بپارێزن. ئەم بەرپرسیاریەتییە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو رادەستی سەربازانی ئیستۆنیا کراوە. بۆ ساڵانی 2024 و 2025، ئێمە بەردەوام دەبین لە پابەندبوونمان بە عێراقێکی سەلامەت. لە ئایاری 2024 بۆ ئایاری 2025، فەرماندەی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق ئەفسەرێکی هۆڵەندی دەبێت و ستافێکی دەبێت کە زۆرینەی ئەندامانی (نزیکەی 16 سەرباز) هۆڵەندی دەبن. لە هەمان ماوەدا، بە یەکەیەکی هێلیکۆپتەر کە لە سێ هێلیکۆپتەری گواستنەوە لە جۆری چینووک پێکدێت، لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەدەوە (بە نزیکەی 120 سەربازەوە) لە ئەرکەکەدا بەشدار دەبین. یەکەیەکی پاراستن (کە لە نزیکەی 140 سەرباز پێکدێت) دەبێتە تەواوکەری بەشداریی ئێمە لە ئەرکی ناتۆ لە ساڵانی 2024 و 2025. چالاکییەکانمان بۆ راوێژدان لەنێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ناتۆ لە عێراق بەردەوامن.
رووداو: هەڵسەنگاندنی ئێوە چییە بۆ هەوڵەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە؟
ئەلێکس کرانێنبێرگ: بەرەوپێشچوونی هەنگاو بە هەنگاو هەیە لە پەرەپێدانی هەندێ توانای دیاریکراو. چاکسازیی کەرتی ئەمنی هێشتاش پڕۆسەیەکی زەحمەتە کە پێویستی بە وەبەرهێنانی درێژخایەن و بەردەوامبوون بۆ بەدەستهێنانی ئەنجام هەیە. چەند فاکتەر و دۆخی جیاجیا کاریگەرییان لەسەر ئەنجامەکان هەیە. دۆخی زەحمەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی، رادەی توانای خۆگونجاندنی دامودەزگە کوردییەکان و پێشهاتە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکە لەو فاکتەرانەن کە پڕۆسەکە زەحمەت دەکەن.
رووداو: حکومەتی هۆڵەندا دەیەوێت 120 سەربازی دیکە بنێرێتە عێراق. ئایا هیچ لەو سەربازانە لە هەولێر جێگیردەکرێن؟
ئەلێکس کرانێنبێرگ: ئەو سەربازانە دەنێردرێنە بەغدا، تکایە بڕواننە شرۆڤەی سەرەوە. بۆ زانیاری لەسەر کارەکانمان لە ناوچەی هەولێر، تکایە سەیری ئینفۆگرافیکە هاوپێچکراوەکە بکەن.
رووداو: هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ هەڕەشەکانی داعش لەسەر عێراق و ناوچەکە چییە؟
ئەلێکس کرانێنبێرگ: لەو بارەیەوە، وەزیرەکەمان لە تەممووزی 2023 ئەمەی خوارەوەی بۆ پەرلەمان نووسی: "داعش بەشێوەیەکی گەورە لە عێراق لاوازبووە، ئەوەش لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، لەنێویاندا، لەدەستدانی سەدان چەکدار و دەیان سەرکردەی خۆی. لە پاڵ ئەوە، بەهۆی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە بەردەوامییەکان، گرووپەکە ژمارەیەکی زۆری پەناگە و چەک و تەقەمەنی لەدەستداوە. داعش ئێستا هەر مانگێک دەیان هێرشی بچووک ئەنجام دەدات کە گرووپە مەزهبییەکانی دیکەی [غەیرە سووننە] و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ناوچە گوندییەکان دەکاتە ئامانج. وادیارە گرووپەکە هیوای ئەوەی نییە ناوچە و دانیشتووانی عێراق لە ساڵانی داهاتوودا کۆنترۆڵبکاتەوە، چونکە چیدیکە توانای جەنگی نییە بۆ ئەو مەبەستە. گرووپەکە هەروەها توانای ئەوەی نییە کە چەکدارەکانی خۆی لە عێراق ئازاد بکات. سنووری نێوان سووریا و عێراق هێشتا کەلێندارە. داعش لە عێراق ناتوانێت پشت بەوە ببەستێت کە لە سووریاوە هێزی پشتیوانی بەدەستبێنێت، چونکە داعش لە سووریاش زۆر لاواز بووە. لە هەردوو وڵات، داعش ستراتیجیی مانەوە بەکاردێنێت، کەخۆی لە هیرشی بچووک و سادەدا دەبینێتەوە، هاوتەریب لەگەڵ پڕوپاگەندە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پشتیوانیی لایەنگرەکانی بکات.