عێراق سنوورەكانی لەگەڵ رۆژئاڤا توند دەكات

رووداو-دهۆك

دوای پەلامارەكەی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان، حكومەتی عێراق كەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشی و ترسی لە گەڕانەوەی چەكدارانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق هەیە، بۆیە بڕیاری داوە بەدرێژایی سنوورەكەی لەگەڵ رۆژئاڤای كوردستان و سووریا، هێز بڵاوبكاتەوە.


چاودێرانی ناوخۆیی و بیانی و بەرپرسانی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) هۆشداری دەدەن كە بەهۆی ئەو پەلامارەوە، هەزاران  چەكداری گیراوی داعش كە ئێستا لە زیندانەكانی هەسەدەدان، رابكەن، ئەمەش حكومەتی عێراقی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بەنیازە لە ناحیەی رەبیعە تا قائیم كە هاوسنوورە لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای كوردستان، هێز بڵاوبكاتەوە.

بەپێی ئامارەكان 10 هەزار چەكداری گیراوی داعش لە گرتووخانەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان. بەگوێرەی ئاماری هەسەدە لە نەورۆزی ئەمساڵ لە كاتی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی باغۆز، زیاتر لە 30 هەزار عێراقی (چەكداری داعش، ژن و منداڵ) دەستگیر كراون. حكومەتی عێراق ترسی هەیە ئەو عێراقیانە لە زیندانەكانی هەسەدە رابكەن.

هاشم بریفكانی، سەرۆكی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە (رووداو)ی راگەیاند: "بەرپرسانی ئەمنی لە مووسڵ ترسێكی زۆریان لەو هێرشەی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان هەیە، چونكە نزیكەی پێنج هەزار چەكداری داعش لە گرتووخانەكانی رۆژئاوای كوردستاندان، ترس هەیە ئەو چەكدارانە رابكەن، بۆیە وەزارەتی بەرگریی عێراق بڕیاری داوە، هێزێكی زۆر رەوانەی سەر سنووری عێراق و سووریا بكات". 

بەگوتەی هاشم بریفانی، هێشتا كاتی ناردنی ئەو هێزە بۆ سەر سنوور دیار نییە، بەڵام هێزەكە بە درێژایی سنووری عێراق لەگەڵ سووریا و رۆژئاڤای كوردستان جێگیر دەكرێ‌.

حكومەتی عێراق بڕیاری داوە كەمپێكی دەستبەسەری بۆ ئەو چەكدارانەی داعش و خێزان و منداڵەكانیان دروست بكات كە ئێستا لەلای هەسەدەن و ژمارەیان بە 30 هەزار كەس مەزەندە دەكرێ‌، بەڵام تاوەكو ئێستا تەنیا 1700 كەس رەزامەندییان نیشان داوە بە ویستی خۆیان بگەڕێنەوە عێراق.

بەرپرسانی هەسەدە تاوەكو ئێستا چەند جارێك هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعشیان ئاگادار كردووەتەوە كە ئەگەر ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بەردەوام بێ‌، ئەوە ناتوانن پارێزگاری لەو گرتووخانانە بكەن كە چەكدارانی داعشی تێدان.

سەرۆكی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت: "بەشێك لەو چەكدارە داعشانەی لە عێراقەوە رایانكرد بۆ سووریا و پاشان لەوێ‌ دەستگیركران، ئەمیر و پلەداری داعش بوون، بۆیە عێراق ترسی هەیە لە زیندانەكان رابكەن و جارێكی دیكە بگەڕێنەوە عێراق، هەر بۆیەش بڕیاری داوە چاودێریی زیاتری سنوورەكانی لەگەڵ سووریا بكات و ئەو چەكدارانە جارێكی دیكە نەگەڕێنەوە". 

دوای پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال لە ئابی 2014، نزیكەی 150 گەریلای پارتی كرێكارانی كوردستان چوونە چیای شنگال، دواتر ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی شنگالیان پێكهێنا، چەند هێزێكیشیان بەناوەكانی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال، یەكینەكانی پاراستنی ژنانی شنگال و هێزی پاراستنی ئاسایشی شنگال دروستكرد كە ئێستا ژمارەیان نزیكەی 5000 چەكدار دەبێ‌. هەرچەندە ئەو هێزانە خراونەتە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق، بەڵام هێشتا هەر لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدان. 

پەكەكە ئەنجوومەنێكیشی بەناوی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی شنگال دروستكردووە. فارس حەربۆ كە سەرۆكی ئەنجوومەنەكەیە، بە (رووداو)ی راگەیاند، ئێمەش ئاگادارین عێراق بەنیازە سنووری خۆی لەگەڵ سووریا توندتر بكات، بەڵام دڵ و گیانی ئێمە لەگەڵ براكانمانە لە رۆژئاڤای كوردستان، هەر كاتێك داوامان لێبكەن ئامادەین هاوكارییان بكەین".

حەربۆ رەتیكردەوە حكومەتی عێراق بتوانێ‌ رێ لە چوونی ئەوان بۆ رۆژئاوای كوردستان بگرێ‌ و گوتی: "ئێمە دەستمان بە چەندین چالاكی وەكو بەخشینی خوێن بۆ بریندارانی شەڕ و خۆپیشاندان دژی ئەو پەلامارەی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤا كردووە. هەر كاتێكیش داوای هاوكاریمان لێ‌ بكرێ‌، كەس ناتوانێ‌ رێگە لە چوونمان بۆ رۆژئاوای كوردستان بگرێ‌".