لە سلێمانی کچێک لەسەر پردێکی پەڕینەوە خۆی فڕێدایە خوارەوە و گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی "122" رایگەیاند، کچێک لەسەر پردی پەڕینەوەی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی خۆی هەڵداوەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.
رۆژی پێنجشەممە 14-09-2023 سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی "122" بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە کە کەسێک لەسەر پردی پەڕینەوەی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی خۆی هەڵداوەتە خوارەوە، تیمەکانمان گەیشتنە شوێنێ رووداوەکە و دەرکەوت کەسەکە گیانی لەدەستداوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، تەرمی ئەو کەسە رەوانەی دادپزیشکی کراوە.
سەبارەت بە ناسنامەی کەسەکە، سامان نادر گوتی، "هیچ ناسنامەیەکی پێ نییە، بەڵام لە رەگەزی مێیە و تەمەنی نزیکەی 20 ساڵ دەبێت."