340 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی لە سەردەشت سێ مانگە چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکانیانن


رووداو دیجیتاڵ 

سێ مانگ بەسەر ئەنجامدانی پشکنین بۆ 340 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی لە سەردەشت تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا ناوی هیچکامیان وەکو بەرکەوتە نەگەڕاوەتەوە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تائێستا ئەنجامی پشکنینی 16یەمین لیژنەی پزیشکی بۆ دەستنیشانکردنی قوربانییانی کیمیایی لە سەردەشت رانەگەیێندراوە. 
 
لە رۆژانی 15 و 16ـی مانگی حوزەیرانی 2023 لیژنەی پزیشکی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە شاری سەردەشت پشکنینی بۆ 340 کەس لە دانیشتووانی ئەو شارە کرد کە ناویان وەکو بەرکەوتەی کیمیایی تۆمار کردبوو.
 
لیژنەکە لە پزیشکێکی گشتی و شەش پزیشکی پسپۆڕی هەناو، سییەکان، چاو و پێست پێکهاتبوون. بڕیاربوو ئەو لیژنەیە پشکنین بۆ 600 کەس بکات، بەڵام بەگوتەی ئەحمەد بێورانی، سەرۆکی فەرمانگەی شەهید و نیڤشکانانی سەردەشت، بەهۆی سنوورداربوونی توانای ئامێری سی تی سکانی نەخۆشخانەی سەردەشت، لە دوو رۆژدا تەنیا توانراوە پشکنین بۆ 340 کەس بکەن.
 
سەرۆکی فەرمانگەی شەهید و نیڤشکانانی سەردەشت دەڵێت، لە مانگی یەکەمی پاییزی ئەمساڵدا 17یەمین لیژنەی پزیشکی بۆ پشکنینی بەرکەوتووانی کیمیایی سەردانی ئەو شارە دەکات.
 
شاری سەردەشت لە 28-06-1987 لە لایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە کیمیاباران کرا. بەهۆیەوە 119 کەس گیانیان لەدەستدا. تاوەکو ئێستا کەمتر لە هەزار و 600 کەس وەکو بەرکەوتەی کیمیایی لەو شارە تۆمار کراون. نزیکەی 13 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو شارە ناویان وەکو بەرکەوتە تۆمار کردووە و چاوەڕێ دەکەن لیژنەی پزیشکی پشکنینیان بۆ بکات.