وەزارەتی کارەبا: ئێستا رۆژانە 17 بۆ 19 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا 3650 تاوەکو 3700 مێگاواتە و خواستیش لەسەر کارەبا بۆ خوار 5000 مێگاوات دابەزیوە. کاژێرەکانی کارەباش لەنێوان 17 بۆ 19 کاژێرە."
رۆژی پێنجشەممە 14-09-2023 ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا 3650 تاوەکو 3700 مێگاواتە، چونکە پلەکانی گەرما کەمێک دابەزیون بۆیە خواستیش لەسەر کارەبا خوار 5000 مێگاواتە، کە بەراورد بە هاوینی رابردوو، کە نزیکبووەوە لە 6000 مێگاوات، کەمێک دابەزیوە."
لەبارەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کرد، "کاژێرەکانی کارەبا بەگوێرەی ناوچەکان دەگۆڕێت، لە ناوچە فێنکەکان لەنێوان 18 بۆ 19 کاژێرە، لە ناوچەکانی دیکەش لەنێوان 17 بۆ 18 کاژێرە."
دانیشتووانی بەشێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کە کارەباکەیان کراوەتە پریپەید، ناڕازین لە نرخەکەی، سیستمەکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر کیلۆواتێک لە سلێمانی لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار و لە هەولێر بۆ 175 دینار.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا باسی لەوەش کرد، "وەزارەتی کارەبا سەرقاڵی وەرگرتنی فیدباکی ئەو شوێنانەیە کە سیستمەکەی لێ دانراوە، ئەو یاداشتانەش کە پێشکێشی وەزارەت کراوە لەلایەن دانیشتووانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و ئەوانەی کە تێیان هەبووە، هەمووی بە هەند وەرگیراوە و دواجار بەگوێرەی کۆی گشتی فیدباکەکان، وەزارەتی کارەبا بڕیاری نوێ دەردەکات."
لەبارەی پێوەری زیرەک کە یەکێکە لەو رێگایانەی بەپێی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی کارەبا و رێکخستن و کۆنترۆڵکردنی کارەبا. ئومێد ئەحمەد گوتی، "نزیکەی ملیۆنێک و 350 هەزار پێوەر دانراون، بە دیاریکراوی ئامارەکان بەردەست نین، کۆتایی ئەم مانگە بەدەستمان دەگات، بەڵام ئەوەی ئێستا بەردەستە لە گەرمیان لە سەرووی 65 هەزار، لە سلێمانی زیاتر لە 400 هەزار، لە هەولێر 450 بۆ 500 هەزار پێوەر دانراون."