قەرەباڵخییەكی زۆر لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دروستدەبێت
رووداو - هەولێر
گوتەبێژی دەروازەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، قەرەباڵخییەكی زۆری گەشتیاران لەسەر دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دروستبووە و دەشڵێت: دەتوانین بڵێین رۆیشتنی گەشتیار لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئێران 100% زیادیكردووە.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، قەرەباڵخییەكە ماوەی سێ رۆژە لەسەر دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دروستبووە و ئەگەر لە رۆژێكی هەفتەی رابردوو هەزار و 500 گەشتیار رۆیشتبێت، ئێستا بووەتە زیاتر لە سێ هەزار گەشتیار.
گوتەبێژی دەروازی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران باسی لەوەش كرد، قەرەباڵخییەكە چەند هۆكارێكی هەن، یەكێک لەوانە هەرزانی گەشتە بەهۆی دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی و نزیكبوونەوەی تەواوبوونی پشووی قوتابخانەكانیش هۆكارێكی دیكەیە و گوتیشی: گەشتیارەكان زیاتر لە چوارچێوەی خێزاندا گەشتەكانیان دەكەن.
بۆ گەشتیاری و بازرگانیكردن، ئێران و هەرێمی كوردستان چەندین خاڵی سنووری و دەروازەی هاوبەشی فەرمی هەیە، لەوانە دەروازەكانی پەروێزخان، باشماخ و حاجی ئۆمەران دەروازەی فەرمی نێودەوڵەتین و هەریەك لە خاڵە سنوورییەكانی سەرزێڕ، كێلێ، سەیرانبەن، تەوێڵە و سەرتەكیش هەن کە گەشتیاران هاتووچۆی لێوە دەكەن.