زۆرترین کۆچی نێوخۆیی لە ئیستەنبووڵ و کەمترین لە ئەردەخان تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
دامەرزاوەی ئاماری تورکیا دەڵێت، لە ساڵی 2023ـدا سێ ملیۆن و 450 هەزار و 953 کەس لە هاووڵاتییانی تورکیا و هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان لەنێوان پارێزگاکاندا کۆچیان کردووە.
دامەزراوەکە رۆژی چوارشەممە 14ـی ئاب "ئاماری کۆچی نێوخۆیی" بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی داتاکان، رێژەی کۆچی دانیشتووان لە نێوان پارێزگاکاندا کە لە ماوەی 2007 - 2008 ـدا 3.18% بووە، لە ساڵی 2023ـدا بۆ 4.04% بەرزبووەتەوە.
ساڵی رابردوو سێ ملیۆن و 450 هەزار و 953 کەس لە نێوان پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان کۆچیان کردووە. 47.9%یان پیاو و 52.1% ـیان ژن بوون.
بە پێی داتاکان زۆرترین کەس کۆچیان کردووە بۆ ئیستەنبووڵ کە ژمارەیان 412 هەزار و 707 کەس بووە.
لەدوای ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە بە لەخۆگرتنی 232 هەزار و 700 کەس لە پلەی دووەم و ئیزمیر بە لەخۆگرتنی 147 هەزار و 765 کەس لە پلەی سێیەمدایە.
ئەردەخان و دێرسم ـی باکووری کوردستان لەو پارێزگایانەن کە لەسەر ئاستی تورکیا کەمترین کۆچیان وەرگرتووە. ئەردەخان بە لەخۆگرتنی شەش هەزار و 856 کەس لە پلە یەکەم و دێرسم بە لەخۆگرتنی 11 هەزار و 806 کەس لە پلەی سێیەمدایە. پارێزگای بایبورت ـی تورکیا بە لەخۆگرتنی 10 هەزار و 202 کەس لە پلەی دووەمدایە.
ئیستەنبووڵ زۆرترین ژمارەی کۆچی هەبووە. بە کۆچکردنی 581 هەزار و 330 کەس لە پلەی یەکەمی ئەو پارێزگایانەی تورکیا دێت کە خەڵکەکەی کۆچی کردووە.
لە دوای ئیستەنبووڵ پارێزگای ئەنقەرە بە کۆچکردنی 208 هەزار و 740 کەس لە پلەی دووەم و هاتای بە کۆچکردنی 164 هەزار و 247 کەس لە پلەی سێیەمدایە.
گرنگترین هۆکاری کۆچی ئەو کەسانەی ئەم گەورەشارانەیان جێهێشتووە، گەڕان بووە بۆ شوێنی نیشتەجێبوون و بارودۆخی ژیانێکی باشتر.
ئەو پارێزگایانەی کەمترین کۆچیان هەبووە لە باکووری کوردستانن. ئەردەخان بە کۆچکردنی شەش هەزار و 811 کەس لە پلەی یەکەم، دێرسم بە کۆچکردنی 7 هەزار و 234 کەس لە پلەی دووەم و کیلیس بە کۆچکردنی 7 هەزار و 604 کەس لەسەر ئاستی تورکیا لە پلەی سێیەمدان.
لە تورکیا و باکووری کوردستان زۆرترین جووڵەی کۆچ لە ساڵی 2023ـدا لە گرووپی تەمەنی 20-24 ساڵدا بووە کە 647 هەزار و 191 کەس بوون.
لە نێو ئەو کەسانەی لەو ساڵەدا لە نێوان پارێزگاکاندا کۆچیان کردووە، 601 هەزار و 481 کەس بە پشتبەستن بە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەیان کۆچیان کردووە.
سەبارەت بە هۆکارەکانی کۆچکردن دەرکەوتووە کە 518 هەزار و 16 کەس بۆ باشترکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و بارودۆخی ژیان و 512 هەزار و 11 کەسیش بۆ خوێندن کۆچیان کردووە.
کاتێک لە هۆکاری کۆچکردن بە پێی رەگەز دەکۆڵدرێتەوە، گرنگترین هۆکاری کۆچکردن بەپێی رەگەز لە تورکیا لە ساڵی 2023ـدا باشتربوونی شوێنی نیشتەجێبوون و ژیان بووە بۆ پیاوان کە 257 هەزار و 277 کەس بوونە، بەڵام هۆکاری کۆچکردنی ژنان وابەستەی یەکێک لە ئەندامانی خێزان بووە کە 361 هەزار و 15 کەس بوونە.
بۆ پیاوان و ژنان، کۆچکردن بەهۆی یەکێک لە ئەندامانی خێزان و کارەساتی سرووشتی- فریاگوزاری، لە هۆکارە گرنگەکانی دیکەی کۆچکردن بوون.
هۆکاری کۆچکردن لە گرووپی تەمەنی 20-24 ساڵ کە لە ساڵی 2023ـدا زۆرترین جووڵەی کۆچکردن بووە، پەروەردەیە.
داتاکان دەریانخستووە کە 231 هەزار و 447 کەس لە گرووپەی تەمەندا بۆ خوێندن، 94 هەزار و 139 کەس بۆ کارکردن یان دۆزینەوەی کار و 50 هەزار و 8 کەس بۆ باشترکردنی نیشتەجێبوون و بارودۆخی ژیان کۆچیان کردووە.