دادپزیشکیی سنە: لە سێ مانگدا 107 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی سنە رایگەیاند، لە سێ مانگی بەهاری ئەم ساڵدا، 107 کەس لەو پارێزگایە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 971 کەسیش بریندار بوون.
 
بەهزاد غەزەنفەریپوور، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی سنە ئاماری گیانلەدەستدانی بە رووداوی هاتووچۆ، سووتان، خنکان و چەندین رووداوی دیکە بڵاوکردەوە.
 
بەهزاد غەزەنفەریپوور گوتی، لە 21-03-2024ـەوە تاوەکو 21-06-2024 لە سنووری پارێزگاکە 107 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە: 12 کەسیان لە نێو شارەکان، 84 کەسیان لە رێگەکانی دەرەوە و 11 کەسیشیان لە رێگەی گوندەکان بووە.
 
گوتیشی، هەر لەو ماوەیەدا 10 کەس بە سووتان گیانیان لەدەستداوە کە شەش کەسیان پیاو و چوار کەسیشیان ژن بوون.
 
سەبارەت بە خنکانیش، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی سنە دەڵێت، دوو کەس خنکاون.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی سنە، دوو کەس بەهۆی ژەهراویبوون بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و سێ کەسیش بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانیان لەدەستداوە.
 
بەهزاد غەزەنفەریپوور دەشڵێت، لە سێ مانگی بەهاری ئەم ساڵدا بەهۆی شەڕەوە دوو هەزار و 973 کەس سەردانیان کردووە و راپۆرتی پزیشکیان بۆ ئامادە کراوە کە دوو هەزار و 15 کەسیان پیاو و 858 کەسیان ژن بوون.