وەزارەتی خوێندنی باڵا: پاڵپشتیی دارایی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێی خوێندنیش بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی سلێمانی بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی سێ مانگی خوێندکارانی، رەزامەندی وەرگرتووە و چاوەڕوانی خەرجکردنی پارەیە. زانکۆی سەلاحەدینیش بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی چوار مانگی، پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانە. لە زانکۆی دهۆکیش رەزامەندی خەرجکردنی دەرماڵی سێ مانگی خوێندکاران دراوە، بەڵام پارە نییە. بەرپرسێکی وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت، "رەزامەندی خەرجکردنی پاڵپشتی دارایی ساڵی نوێی خوێندنیش دراوە."
رۆژی دووشەممە 14-08-2023 د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی خەرجنەکردنی دەرماڵەی بەشێک لە زانکۆکان بە رووداوی گوت، "وەزارەتی خوێندنی باڵا رەزامەندیی خەرجکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 داوە نەک تەنیا بۆ یەک مانگ و دوو مانگ، بەڵام بەهۆی هەندێک رێکارەوە لە هەندێک زانکۆ دواکەوت، چونکە ئەگەر پاڵپشتی دارایی هەر زانکۆیەک زیاتر لە 500 ملیۆن دینار بێت، پێویستە دووبارە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی بدات".
بەشێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان گرفتیان لە رەزامەندی خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکارانیان نییە، بەڵکو گرفتەکە نەبوونی سیولەیە لە بانکەکان. لەوبارەوە د. توانا نەجەف دەڵێت، "رەزامەندی لەسەر خەرجکردن دەدرێت و پارەش دابین دەکرێت. بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی بانکی هەرێم و وەزیری دارایی کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی هاوکار بن لە خەرجکردنی پاڵپشتی دارایی خوێندکاران."
مانگی ئەیلوول ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێدەکات. بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، "رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانمان وەرگرتووە بۆ ئەوەی پاڵپشتی دارایی خوێندکارن بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 یش بەردەوام بێت و خەرج بکرێت. بە گوێرەی ئەو رەزامەندییە بێت لە ساڵی نوێی خوێندنیش پاڵپشتی دارایی بەردەوام دەبێت و وەکو وەزارەت کارەکان لەو بارەوە بەهیچ شێوەیە دواناخەین."
د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین لەبارەی خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆکەی رۆژی دووشەممە 14-8-2023 بە رووداوی گوت، "دەرماڵەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـمان دابەشکردووە. بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی مانگەکانی 1، 2، 3 و 4ـی 2023 چاوەڕوانی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانین."
بەگوتەی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی مانگێکی خوێندکارانیان پێویستیان بە نزیکەی 900 ملیۆن دینارە؛ بۆیە پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لە خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکارانیان بدات، چونکە ئەگەر بڕی دەرماڵەی هەر مانگێک زیاتر لە 500 ملیۆن دینار بێت، وەزیری دارایی ناتوانێت پارە خەرج بکات و پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت.
د. کامەران یونس ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی پارە، دەست بە دابەشکردنی دەرماڵەی ئەو مانگانەش دەکەن کە دابەشنەکراوە.
هاوکات د. داود ئەترووشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک بە رووداوی گوت، "رەزامەندی خەرجکردنی دەرماڵەی پێنج مانگی یەکەمی 2023ـمان وەرگرتووە. وەزارەتی خوێندنی باڵاش هەموو رێکارەکانی جێبەجێکردووە، بەڵام سیولە لە بانکەکان کەمە، ئەوەش بوەتە هۆکاری ئەوەی تاوەکو ئێستا پارە نەدراوە بۆیە نەمانتوانیوە دابەشی بکەین."
لەبارەی خەرجنەکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆی دهۆک، د. توانا نەجەف گوتی، "دەرماڵەی زانکۆی دهۆک زۆر بوو و پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران بوو، بۆیە دوێنێ رەزامەندی خەرجکردنی دەرماڵەی مانگەکانی 9، 10، 11 و 12ـی 2022ـی ئەو زانکۆیە هاتەوە و دوای ئەو رەزامەندییە، پارەکەیشیان بۆ خەرجدەکرێت کە پێموایە زیاتر لە دوو ملیار و شەش ملیۆن دینارێک بوو."
پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەرماڵەی مانگی نۆ دابەشکراوە، رەزامەندی بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی 2022ـش وەرگیراوە، بەڵام پارە بەردەست نییە و چاوەڕوانی ئەوەین پارە دابین بکرێت. بەمنزیکانە پارەمان بۆ خەرج بکرێت راستەوخۆ دەست بە دابەشکردن دەکەین."
بڕی پاڵپشتییە داراییەكە 40 هەزار دینارە بۆ خوێندكارانی نێو شار و 60 هەزار دینارە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار.
رۆژی چوارشەممە 22-02-2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی دا لەسەر بەردەوامی و خەرجکردنی زیاتر لە حەوت ملیار و 250 ملیۆن دیناری مانگانە وەکو پاڵپشتی بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بەشە ناوخۆییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2022 - 2023.