لە وان 17 کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی پەکەکە دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان 17 کەس بەتۆمەتی ئەندامێتی و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی وان بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی شارەکە و لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/کەجەکە و بە بڕیاری دادگە، لە رۆژانی نێوان 6 بۆ 13ـی ئابی 2023، تیمەکانیان 17 کەسیان لە چەندین ئۆپەراسیۆندا دەستگیرکردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی وان دەڵێت، بەشێک لەوانەی لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستگیرکراون، لە رێکخستنەکانی گەنجانی سەر بە پەکەکە/کەجەکە چالاکییان ئەنجامداوە؛ بەشێکیشیان بە تۆمەتی داڵدەدانی گەریلاکانی پەکەکە و هاوکاریکردنیان، دەستگیرکراون.
هەروەها ژمارەیەک ئامێری دیجیتاڵی و بەڵگەنامەی رێکخراوەیی لە شوێنی مانەوەی دەستگیرکراوەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە.
دەستگیرکراوەکان دوای پشکنینی تەندروستییان، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە رەوانەی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش کراون.