پێنج رۆژە لە کفری خۆپێشاندانە؛ داوای هەلی کار و خزمەتگوزاری بۆ شارەکە دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

هیوا رەشیدی تەمەن 24 ساڵ کە دەرچووی بەشی شوێنەوارییە و دانیشتووی کفرییە، بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان پێنج رۆژە لە خۆپێشاندانی بەشێک لە خەڵکی شارەکەدا بەشدارە و نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە. داواکاریی هیوا و خۆپێشاندەران، هەلی کار و خزمەتگوزارییە بۆ شارەکەیان.
 
هیوا رەشید بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەوهیوایە چوومە بەشی شوێنەوار، چونکە شارەکەم پڕە لە شوێنەوار، بەڵام بەداخەوە نەک هەر سوودم لێی نەبینی و دانەمەزرام، بەڵکو شوێنەوارەکانی ئەم شارە هەموو لەنێوچوون و نەمان. نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کار، وایکرد لێرە بمێنمەوە و نەچمەوە بۆ ماڵ."
 
خۆپێشاندەرانی کفری هەشت داواکارییان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. حەسەن عەلی، تاقانەی ئەنفالە و دەڵێت، "ئێمە بەدەست ئیدارەی خۆجێی ناوچەکە سووتاوین، ئەم گەرمایەش ئێمەی سووتاندووە، ئێمە هاتووین کۆمەلێ داواکارییمان هەیە. دەڵێن باوکێک دوو کوڕی هەیە، دەبێت بە چاوی باوکایەتی سەیری هەردووکیان بکات، نابێت دانەیەکیان بگرێت و دانەیەکیان پەرێز بخات، ئیدارەی گەرمیان و حیزبی دەستڕۆیشتوو بەڕاستی کەلاریان گرتووە و کفرییان پشتگوێخستووە."
 
شوان جەلال، مامۆستایە و یەکێکی دیکەیە لە بەشداربووانی خۆپێشاندانەکە، دەڵێت، "ئەم شارە دەوڵەمەندە بە نەوت، لە گەرمیان 10 بلۆکی نەوتی هەیە، حەوتیان لە کفرین، ئێرە دەوڵەمەندە بە گەچ، بە کاربۆن و نزیکەی 70 هەزار دۆنم زەویی بەراو و دێمی هەیە، ئەم سەروەت و سامانە هەیە، کەچی گەنجان بێکارن، شارێک بەمشێوەیە دەوڵەمەند بێت، ئەمە ستەم نەبێت چییە؟"
 
خواردن و پێداویستییەکان بۆ مانەوەی خۆپێشاندەران لەلایەن خێرخوازان و دانیشتووانی کفرییەوە دابین کراوە و هەر لەوێ دەمێننەوە.